شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: با پێت بڵێم لە مێژووی ئەم میللەتە کەمێ سەبارەت: بۆ ئیمدادی کەیخوسرەوی دووەم لە شاھانی ھەخامەنشین ھاتنی لەشکرێکی یۆنان بۆ بابل و لەپاش جەنگەکە و گەڕانەوەیان بۆ یۆنانستان. با پێت بڵێم: لە مێژووی ئەم میللەتە، کەمێ ھەر وەک لە بەحر بێتە دەرێ قەترە و نمێ کەیخوسرەوی دووەم لە ھەخامەنشینانی فورس ئیمدادی ویست لە قەیسەری ڕۆم پڕ چەک و نەترس تا تەخت و تاجی شاھی بسێنی لە ئەردەشێر بەم لەشکرە، برایەکی گەورەی بخاتە ژێر چوار عەسری پێش مەسیح بوو کە ئیمدادی ڕۆمیان ھات و گەیشتە وادیی بابل بە شادمان خوسرەو بە ھێزی خۆی و بە ئیمدادی زۆرەوە ویستی کە شاھی کاکی بنێژێتە گۆڕەوە لەولاوە ئەردەشێر بۆ خەلاسی لە دەست عەدوو بەخشی بە جەیش و لەشکری یا نەقدی ھەرچی بوو ئەم مەعرەکە لە خانی سکەندەر کرایەوە لاکین بە قەتڵی خوسرەوی دووەم بڕایەوە ئەم لەشکری شکستەیی یۆنانە دەسبەجێ بۆ نیشتمان و یانەی خۆی کەوتە ڕێ زینفۆنی سەر سوپاھی بە عەقڵ و بە ھۆش و کێش ڕێی شاخەکانی کوردی بە باش زانی، کەوتە پێش کاتێ گەیشتە «مزری کیا» کەوتە کۆڕەوە دەسڕێژی لێ کرا لە نزیک و لە دوورەوە زینفۆنی ژیر و گەورە بەڕاستی خەباتی بوو گاھی بە جەنگ و گاھی بە ئاشتی نەجاتی بوو لەو یادداشتەدا کە بەجێی ھێشتووە ئەڵێ: «کەردۆخ» پڵنگی شاخییە، بێگانە نایەڵێ ئەم قەومە سەربەخۆیە ئیتاعەی بە کەس نییە بۆ شاھی فورس و قەیسەری ڕۆم دەسڕی کەس نییە ھەرچەند سوپاھ و لەشکری ئێمە گەڕایەوە زۆری بە تیر و نێزەی کەردۆخ بڕایەوە زینفۆن ستایشی کەردۆخی کردووە مێژووی بەڕاستی زیندووە، گەرچی خۆشی مردووە ++++++++++++++++++++++