ئاڵەکۆک

ئێقباڵ محەمەدی add_a_photo
ئێقباڵ ئاسمانی خەیاڵ
٤. دەردی دابڕان
چاوبازەکەم!

بەڕۆیشتنت
هێلانەی دڵ خاپوور کرا
ئەو هێلانە وا بالندەی ئەشق وئەوین
چڵ بەچڵی
بە چرکە چرکەی کاتی لاوی خۆی دایڕشت و
بەهێزی تامەزرۆیی تۆ و
بیرو یادی چاوەکانت
چاوەدێری لێ کرد

ئەی بارانی بەهارانم!

دووریت، داری بەساڵا چووی هەستی منی وشک کردووە و
هەر ڕیشکە ڕزاوێکی ناو خاکی یادی تۆی لێ بەجێ ماوە

ئازیزەکەم!

وا تێنەگەی بەڕۆیشتنت هەموو شتێک لەبیر ئەچێ.
تازە دەردی دووری تۆ هەر وەک تیرێک لەدڵ ئەچێ
تازە بێ خەویەکانی شەو درگای چاوم پێ ئەگرێ
تازە ئەسپی خەیاڵم لێ یاخی ئەکرێ.
تازە ئاگری یادی تۆ گشت باخ وگوڵزاری وشە و شێعری من ئەسووتێنێ.
لەکزە بای نەبوونی تۆ دا مێشکی ئێسکم ئەزریکێنێ

نازانم بۆ وا بیر ئەکەی؟
لە جێ ژوانی بێ تۆیی دا
دڵم بێ ئێش و خۆرپەیە
بێ ترپەیە

دەردی دابڕانی تۆیە
بۆیە
ئاوا کش و ماتە... .

پەراوێز edit