ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٨٩. واقیعاتی ساڵی بیست و سێ
لە بیست و سێدا فەتحی «خوراسان»
فەتحی «ھەرات» و «مەرو» و «شاھیجان»
فەتحی «نەیشابوور»، ئەمانە ھەموو
بە ڕیاسەتی والی ئەحنەف بوو
لەم ساڵا عوسمان کوڕی «ابو العاص»
«اصطخر»ی داگرت بە سوپای حەقناس
«جەور» و «کازروون»، ھەم «نوبندجان»
«شیزر» و «شیراز»، خاکی «ئەرەجان»
سارییە گرتی زۆر بە دەست و برد
لەم ساڵا شاری «نسا» و «دار ابجرد»
لە مەدینەدا حەزرەتی عومەر
لە ڕۆژی جومعە لە سەری مینبەر
خوا پیشانی دا کە سوپای دوژمن
خەریکن دەوری سارییە بگرن
ئەمیش ترسانی و پێی گەیان بێتەل
«يا سارِيَةُ الْجَبَلَ الْجَبَلْ»
گورج گەڕایەوە بە ھێزی سوپا
دووری خستەوە دوژمنی گومڕا
ھەر لەم ساڵا بوو داگیرا «کرمان»
«مکران» و «سیستان» بە نووری ئیمان
ئینجا شەھید بوو ئەم عالی نەھجە
بیست و شەشەمی مانگی «ذي الحجّه»
لە کاتی نوێژا لە وەختی سەحەر
بە دەستی «ابو لؤلؤ»ی بێفەڕ
خەلیفە گەییە پایەی شەھادەت
ئەویش بە مایەی شوومی شەقاوەت
عومری شەست و سێ بە عەقڵ و کەماڵ
خەلافەتی کرد شەش مانگ و دە ساڵ
لەلای ئەبووبەکر مەدفوون بوو عومەر
لە «ڕوضە»ی والای سەییدی سەروەر
لە سەرەمەرگا حەزرەتی عومەر
وا خەلافەتی فەرموو موقەڕڕەر
شۆرا بێ لە بەین عەلی و عوسمان
زوبەیر، تەلحە، سەعد، ھەم «عبدالرحمان»
پاش مەشوەرەتی ئەسحابی کوببار
مانگی موحەڕڕەم ساڵی بیست و چوار
عوسمان دامەزرا لەسەر خەلافەت
ئەسحابە ھەموو پێیان کرد بەیعەت

پەراوێز edit