ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٧٧. واقیعاتی ساڵی دوازدە و کوشتنی موسەیلەمە
لە ساڵی دوازدە سددیقی ڕەشید
کردی بە قائید خالیدی وەلید
سوپاھێکی نارد لەبۆ یەمامە
جێی موسەیلەمەی ساحێب نەدامە
یەمامەی گرت و «وَحشي» تێکۆشی
«مُسيلمه»ی کوشت زۆر بە ناخۆشی
جا چوون لەم حەربا حەفەزەی قورئان
بە دەستی کوففار گەلێکیان کوژران
بۆ پاراستنی قورئانی ئەنوەر
کەوتە ئەندیشە حەزرەتی عومەر
وەختی خۆی قورئان لە عەسری حەزرەت
ھەموو نووسرابوو سوورەت بە سوورەت
فەقەت نووسرابوو لەسەر دەفەشان
لە تەختەی دار و لەسەر بەردی پان
زۆر مەزەننە بوو بۆ مەحو و فەوتان
لەپاش فەوتانی «حفّاظ»ی قورئان
جا بە تەدبیری عومەری فارووق
پاش مەشوەرەتی ئەڕبابی وسووق
ئەمری سادر کرد سددیقی ئەکبەر
زەیدی بن سابت کاتبی سەروەر
وەک عەسری حەزرەت بە حوسنی سوورەت
ئایەت بە ئایەت سوورەت بە سوورەت
بە ئیتتیلاعی ئەسحابی کیڕام
رازی بێ لێیان پادشای عەللام
ھەمووی نووسیەوە لە چەن پارچەی ساغ
لە پێستی نایاب، پوختە و بە دەباغ
خستنیە بەینی دوو لەوحی شیرین
لای خۆی ڕای گرتن سددیقی ئەمین
پاش وەفاتی ئەو کەوتنە لای عومەر
پاش ئەو لای حەفسەی حەرەمی سەروەر
لە ڕووی ئەمەوە حەزرەتی عوسمان
تەحریری فەرموو حەوت نوسخە قورئان

پەراوێز edit