ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٧٥. باسی جێنشینەکانی حەزرەت ﷺ
بێنە سەر سەیری ھەر پێنج خولەفا
خاوەنی عەدڵ و ئیحسان و وەفا
ئەعلا و ئەفزەڵیان ڕەفێقی شەفیق
خەلیفەی ئەووەڵ «بووبەکر»ی سددیق
ناوی «عبداللّه» و باوکی عوسمانە
ناوی باپیرەی عامیر بزانە
دایکی «امّ الخَير» سەلمای کچی سەخر
کوڕی عامیری ساحێب عیزز و فەخر
لە شەشەم جەددا مەڕڕەی بە حورمەت
ڕشتەی ئەم زاتە ئەگات بە حەزرەت
بێ شەڕ و ئاشووب، بە ئیجماعی عام
بوو بە خەلیفەی سەییدی ئەنام
ھەر ڕۆژی ئەووەڵ خەلیفەی زانا
خوتبەیەکی خوێند بە مەغز و مەعنا
فەرمووی بە یاران ئیمڕۆ من والیم
لەسەر ڕەئی عام ساحێب تەعالیم
ئەمن خۆم لە کەس چاتر نازانم
چونکی نازانم چۆنە پایانم
ھەر تەقوای خودا مایەی شەرەفە
ھەرکەس ئەتقا بێ ئەوە ئەشرەفە
نادان کەسێکە عەقڵی کۆتا بێ
بێ کردەوەی چاک عومری فەنا بێ
فەرمان بەردارم بۆ حوکمی سوننەت
دوور و بێزارم لە ڕێگای بیدعەت
ئەگەر چاکەم کرد ببن بە یارم
یارمەتیم بدەن بۆ ئیش و کارم
کاتێ ڕێم ون کرد دەخیل سەد دەخیل
ڕێم پێ نیشان دەن بە وێنەی دەلیل
پادشایانی زەمانی قەدیم
خاوەنی تەخت و بارەگای عەزیم
دەرچوون لە قەسر و لە قەبرا ڕزان
ئێستاکەش دیلی دائیرەی جەزان
خوا ماڵ و سەروەت ئەسێنێتەوە
ھەر کردەوەی چاک ئەمێنێتەوە
ئینجا ھاتە خوار لە بەرزی مینبەر
جێنشینەکەی ڕەسوولی ڕەھبەر
ڕۆژی دووھەمین بە شێوەی توججار
ئەسبابی ھەڵگرت ڕۆیشت بۆ بازار
عومەری فارۆق لە ڕێ پێی گەیشت
لەپاش لێ پرسین حاڵی تێگەیشت
ئەیەوێ بڕوا لەبۆ تیجارەت
لەبەر نەفەقەی عائیلە و عەشرەت
عومەر عەرزی کرد وەزعی خەلافەت
ناکەوێتە یەک لەگەڵ کەسابەت
جا بۆیان دانا لەسەر «بيت المال»
ھەر ڕۆژێ مەڕێ بۆ خەرجی عەیال
لەسەر ئەم نەھجە بە سیدق و سەفا
بوو بە جێداری حوکمی موستەفا

پەراوێز edit