ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٧٤. جل و ئەسباب و ئەساسی بەیتی ﷺ
جل و ئەسباب و «اثاثُ البَيت»ی
وا دەرکەوتوون لە دوای فەوتی
پێنج کاسەی بووە سەییدی ئەبڕار
یەکەم لە بلوور، دووھەمین لە دار
یانێ دارخوارما، سێھەم شکابوو
لە سێ شوێن بە زیو پینە کرابوو
کاسەی چوارەمین ناوی «ريان» بوو
پێنجەم «مغيث» ناو، گەلێ جوان بوو
خەنەدانی مس، زەرفێکیش لە بەرد
پێیان ئەگوت «تور»، بێلەکە و بێگەرد
ڕەکوەیێکی بوو جەوەندە بۆ ئاو
تەشتی خۆ شۆرین لە «مفرق» تەواو
کیفێکی ھەبوو قایشی نایاب
مەشھوور بە «ربعه» بۆ وردە ئەسباب
وەکوو ئاوێنە و مەقەس و کلدان
شانە و ئەسبابی پێویستی پیاوان
سیواکێکی بوو لە داری ئیراک
لە وەختی خۆیا پێی ئەکرد سیواک
کورسییەکی بوو پیچکەی داری ساج
«مُدھن» جێگەی ڕۆن، کرا بوو لە عاج
قەسعەیەکی بوو ناوی «غرا» بوو
لە ئەترافیەوە چوار حەڵقەی تیا بوو
کە پڕیان ئەکرد لە چێشتی میوان
بە چوار کەس ئەھات بۆ حەڵقەی دیوان
دوو مێزەرەی بوو شای عالی جەناب
ئەوی گەورەیان مەشھوور بە «سحاب»
بچووکەکەیان وەکوو شەوە بوو
لە فەتحی مەککە بە سەریەوە بوو
دوو کراسی ھەبوو سەر تا بە دامان
کاڵای «صحاري»، لەتیف و جوان
دوو کراسی جومعە لەگەڵ سێ «خميص»
یانێ چەتفەی ڕەش، نایاب و نەفیس
دوو کراسیتریش لە حیبری ئەعلا
یەک یەک بوو «كسا» و «قميص» و «ردا»
قەمیس کراسێکە تا ئەژنۆی ئینسان
ڕیدا جلێکە ئەدرێتە ناو شان
سێ جبەی ھەبوو شاھی بە تەمکین
ڕەنگی یەکێکیان سەوزێکی شیرین
کەسا دائەگرێ ئەغڵەبی ئەندام
بۆ کاتی سەرما، یا بەعزێ مەقام
دوو خوفی ھەبوو لەگەڵ یەک لیفە
دوو نوێینی ناسک، کاڵای قەدیفە
فەرشێ چەرمی بوو کە پڕ بوو لە لیف
«صاع»ێک و «مدّ»ێ بۆ شەرعی شەریف
ئەنگوسیلەیێ لە زیوی زەریف
یەکێ لە ئاسن ئەمما زۆر لەتیف
نووسرابوو لێیان عینوان و جاھی
یانێ «مُحمّد رسول اللّهِ»
سەرەوە «اللّه» ئەمجارە ڕەسوول
ئینجا موحەممەد سەدیری مەعقوول
ئەمانەم وەرگرت زۆر بە ئیھتیمام
لە تەئلیفاتی عولەمای ئەعلام
وەک «مواهب» و شەرحی «زرقاني»
وەکوو «انوار»ی شێخی نەبھانی
مادام کە دیتان سەھو و نیسیانێ
یا لە عەدەدا زیاد و نوقسانێ
بیبەنەوە سەر تەرتیبێکی چاک
مەمنوونتان ئەبم بە دڵێکی پاک
فەقەت دەربخەن مەئخەزی تەسحیح
تا موعتەبەر بێ وەسیلەی تەڕجیح
«أَرْشَدَنَا اللّهُ إِلَي الصَّواب
وَ أَسْعَدَنا يَوْمَ الْمَآبِ»

پەراوێز edit