ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٦. ئەو ژنانەی کە شیریان داوە بە حەزرەت ﷺ
دایەنی شیری شاھی «مُؤتَمَن»
ئەووەڵ دایکی بوو، دوو «امّ اَيمَن»
کە جارییە بوو لەبۆ عەبدوڵڵا
بە میرات گەیی بە ڕەسوولوڵڵا
ئازادی فەرموو حەزرەت بە مەردی
ئینکاحی فەرموو لە زەیدی عەبدی
سێھەم «سوەیبە»ی بە حوسن و حەسەب
چەن ڕۆژ شیری دا بە مەولای عەرەب
ئەمیش جارییەی ئەبوولەھەب بوو
ئازادی موژدەی فەخری عەرەب بوو
ئەو دەمە موژدەی تەوەلوودی برد
بۆ ئەبوولەھەب زوو ئازادی کرد
چوارەم «حەلیمە»ی سەعدییە نەسەب
ئەھلی بادییەی بە شەرم و ئەدەب
ھات بە دایەنی بردی بۆ سەحرا
تا موددەی دوو ساڵ شیری خۆی پێدا
ئەو چەرخە ھەرچەن قاتی لەناو بوو
بەشەر لە برسا پرژ و بڵاو بوو
بە یومنی زاتی حەزرەتی موختار
ماڵی حەلیمە ئەژیان بێ ئازار
جا چۆن دائیرەی ماڵی دایانی
ڕزگاری خۆیان لەوۆ ئەزانی
پاش تەواو بوونی زەمانی شیری
کە بردیانەوە بۆلای باپیری
بە ڕجا و تکا پێیان دانەوە
لە شاری مەککە ھێنایانەوە
فەقەت پاش سێ مانگ کەوتنە وەحشەت
لە «شق الصّدر»ی کەوتنە دەھشەت
ناچار حەلیمەی دڵ پڕ لە لەکە
زوو ھێنایەوە بۆ شاری مەککە

پەراوێز edit