ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٥. وەختی حەملی والیدەی و کاتی لەدایک بوونی حەزرەت ﷺ
حەملی ئامینە بە مەولای عەرەب
ئەڵێن ھاتە جێ لە مانگی ڕەجەب
پاش نۆ مانگ دەرچوو لە بورجی شەرەف
دونیای ڕووناک کرد تەرەف بە تەرەف
لە شاری مەککە بیستەمی نیسان
دونیای جوان کرد بە فەڕڕ و ئیحسان
دووشەممە، دوازدەی «ربيع الاوّل»
دونیا ڕووناک بوو بە نووری ئەکمەل
پێنجسەد و حەفتا و ھەشت ساڵی تەمام
میلادی عیسا «عليه السّلام»
لەپاش جلووسی شای نەوشیرەوان
حەفتا ساڵ تەواو ڕۆیی بوو زەمان
پەنجا ڕۆژ لەپاش ھێرش حەبەشی
سوپای ئەبرەھە و چەند فیلی وەحشی
شەوی عالەمی کرد بە چراخان
شێوەی زەوی کرد بە شێوەی باخان
شەوێ بوو شێوەی گەلێ جوان بوو
شاھی ڕۆژانی ھەموو جیھان بوو
شەوێ تلووعی ئەو بەدرە وابوو
پڕ لە ئارامی و سەیر و سەفا بوو
وادەی قدوومی حەزرەتی سەروەر
ھاودەم بوو لەگەڵ نەسیمی سەحەر
یانێ نزیکە ڕۆژ ببێتەوە
دەرگای ڕووناکی واز بکرێتەوە
بە پەیدا بوونی ئەوبوو کە زانست
بەیداخی ھەڵگرت لەبۆ حەق پەرست
لەت لەت بوو تاقی ھەیوانی کیسرا
ڕێگەی سەرکەوتن لە جیننی بەسرا
گۆلاوی ساوە ئاوەکەی ڕۆچوو
ئاگری مەجووسی کوژاوە و گوم بوو
سەر بەرەو ژێر بوو چەند تەختی شاھان
کەوتە گێژاو و بەختی گومڕاھان
وەختی وەلادەی سەییدی سەروەر
لەبۆ والیدەی نوورێ کەوتە دەر
شاری «بُصري»ی دی بە دوو چاوی سەر
ئای لەم ئیشارە «اللّه اكبر»
یانێ ئەم شاھەی مەککە مەقامە
تەختی ئوممەتی لە موڵکی شامە
بڕۆ بخوێنە کتێبی شیفا
بزانە چی بوو کەلامی شیفا

پەراوێز edit