ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٤٩. موعجیزەی قورئان
ئەعلای موعجیزەی سەییدی عەدنان
لەفزی پڕ مەعنای ئایاتی قورئان
بە ئەمری خودا قەرار دراوە
قورئان لە لەوحا ھەمووی نووسراوە
وەری گرتووە جیبریلی ئەمین
بە ئیلقای خودای «ربّ العالمين»
بە بیست و سێ ساڵ بەپێی ئیحتیاج
ھێناویە بۆلای شاھی ساحێب تاج
پەری و فریشتە و ھەموو ئادەمی
ناگەن بە وێنەی، نە زۆر نە کەمی
نەک دەسوورەتی «اَقْصَرُ السُّوَر»
دوورە لە ھێز و تاقەتی بەشەر
مەبنای سەفایە و شیفای سدوورە
مەعنای حیکمەتە و ڕەحمەت و نوورە
تیا ھەیە باسی ئەووەڵ و ئاخر
پڕە لە خێری باتین و زاھیر
ئەسراری زۆری لێ ئەبێ عەیان
عولەمای ئەوێ، ئەمما لە ئەعیان
ئەو تەرغیب ئەکا پەری تا بەشەر
لەسەر ئیشی چاک، لەسەر دەفعی شەڕ
لەسەر عەقیدە و باوەڕێکی پاک
لەسەر کردەوە و ڕەفتارێکی چاک
لەسەر ئیسڵاحی ڕەوشت و ئەخلاق
بۆ ھەموو بەشەر لە ھەموو ئافاق
لەسەر کۆمەکی بۆ خێر و ئیحسان
بە گیان و بە ماڵ، بە حورمەت و شان
لەسەر ڕووخۆشی و ئیمان و سەفا
لەسەر چاوپۆشی و پەیمان و وەفا
لەسەر سیلەی ڕەحم، بۆ خزم و بۆ خوێش
لەسەر دڵسۆزی بۆ شاھ و دەروێش
قورئانە ئەڵێ قەت غافڵ مەبە
لە ئیتاعەی حەق قەت ماتڵ مەبە
ئەڵێ تێکۆشە بۆ ئادابی دین
فەرامۆش مەکە بەشی خۆت لە ژین
ئەمرت پێ ئەکا بە حیفزی نوفووس
عەقڵ و ئایین و سەروەت و نامووس
لەبۆ خاس و عام وا ئەدا فتوا
کەڕامەت نییە ئیللا بە تەقوا
ھەرکەس ئەتقا بێ یەقین ئەو کەسە
ھەر ئەو ئەکڕەمە و ھەر ئەو ئەقدەسە

پەراوێز edit