کە مونکیر داوای موعجیزەی لێ کرد
بە ئیمای پەنجە مانگی دوولەت کرد
«اِقْتَرَبَتِ السّاعَةُ وَانْشَقَّ»
بۆ لەت بوونی مانگ دەلیلێ حەقە
ئایەتی دوایی وەکوو بورھانە
لەبۆ ئینسانێ نەگرێ بەھانە
بۆ موعجیزەیە ئینکاری موسیڕ
ئیعراز و دەعوای سیحری موستەمیڕ
بۆی ماتڵ بوو ڕۆژ، لەسەر نەقڵی حەق
لەبەر نوێژی عەسر لە غەزای خەندەق
بۆ پایەی بەرزی شاھی ساحێب تاج
ئیمتیازی بوو بە ئەسڕا و میعراج
کە بە ئیحتیرام جیبریلی ئەقدەس
شەو بردی ھەتا «بيت المقدّس»
لەوێوە سەرکەوت لە ئاسمانان
بیستی گوفتوگۆی خالیقی مەننان
بە سورعەتی بەرق ھەر لە عەینی شەو
ھاتە خوارەوە بە شەوق و پڕتەو