ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٤٧. باسی زۆر بوونی شتی کەم بە یومنی ئەو ﷺ
بە فەڕی ئەو بوو کەوا ھاتە شیر
مەڕەکەی «ام معبد»ی فەقیر
چەن خورمای بەخشی بە «عبد الرحمن»
ئەبووھوڕەیڕەی مەشھووری زەمان
لەو تاریخەوە تا فەوتی عوسمان
لەوانەی ئەخوارد بە توولی زەمان
زەرفی خورماکەی لەو ڕۆژا ون بوو
بۆیە بە ئاھ و ئەسەف ئەیفەرموو:
«لِلنّاسِ هَمٌّ وَ لِي هَمّانِ
هَمُّ الْهَمْيانِ وَ هَمُّ الْعُثْمانِ»
بە یەک چتیر و مەنێ جۆ بە حەق
ھەزار کەس تێر بوو لە غەزای خەندەق
لە غەزای تەبووک لەبەر کەمی نان
شکاتیان ھێنا بۆ شاھی زەمان
ئەویش ئەمری کرد ھەرکەس ھەرچی بوو
ھێنایان بۆلای زۆر بوو یا کەم بوو
ھەموویان داکرد لەسەر یەک سفرە
پیا بەش کردنەوە بۆ دەفعی عوسرە
ھەموو بەشیان برد بە ئارەزووی دڵ
سوپا ڕزگار بوو لە دەردی موشکڵ
بێنە یادی خۆت لە حودەیبییە
یاران و شاھی «خیر البریّە»
کاتێ ڕۆیشتن بۆ ئەو سەراوە
حاڵی بوون کانی وشک و بێئاوە
حەزرەتی سەروەر نێزەی خستە ناو
کانی ھاتە جۆش بە وێنەی سەراو
دەسنوێژیان گرت و ئاویان خواردەوە
کانی و ئاوەکەیش ھەروا مایەوە
سەفەرێکی@تر لە ڕووی دیاران
بۆ ئاوی دەسنوێژ دامابوون یاران
غەیری کاسەیێ قەتعەن ئاو نەبوو
جا تەشریفی برد حەزرەت زوو بە زوو
دەستی خستە ناو ئەو کاسە ئاوە
کاسە ھاتە جۆش وێنەی سەرچاوە
تا دەسنوێژیان گرت یارانی بە عام
بە یومنی زاتی «علیە السّلام»
پەنایان ھێنا قەومێکی فەقیر
لەبەر ناخۆشی و کەمی ئاوی بیر
تەشریفی ڕۆیی و ئاوی دەمی خۆی
کردە ئەو بیرە خۆش بوو تام و بۆی
ئاویشی زۆر بوو بە سافی و خۆشی
چونکی لە ئاوی حەیاتی نۆشی
میوانداری کرد حەزرەتی بەشیر
بۆ ئەھلی «صُفّه» بە کاسەیێ شیر
ھەرکەس بە قەد خۆی لێیان خواردەوە
کاسە شیرەکەیش ھەروا مایەوە
شەخسێ «رحمةً للعالمين» بێ
ئەبێ ڕزگاری ھەر بەو تەئمین بێ
دەستێ ھاو دەستی «روح القُدُس» بێ
مەوریدی فەیزی خودای ئەقدەس بێ
چۆن شیفای خەستە بەو دەستە نابێ
یا سەفای سینەی دڵ خەستە نابێ
دڵێ کە جێگای نووری خودا بێ
ئەبێ تەمەننای لای ئەو ڕەوا بێ
دەمێ کە زیکری زات و سیفات بێ
ئەبێ نمی ئەو ئاوی حەیات بێ
ڕەحمەتی خودا ڕووی کردە ھەرکەس
بۆ تاریکە شەو ئەبێ بە قەبەس
ئەبێ بە پەنا بۆ ھەموو عالەم
ئەبێ بە دەوا بۆ ئێش و ئەلەم
ڕۆحم بە فیدای ناو و نیشانت
دڵ داوا ئەکا نەشئەی ئیحسانت
لوتفت مەرھەمی زامی زەلیلە
بۆ قاپی ئیحسان ناوت کلیلە
خۆم خستە قاپی ئەمن و ئەمانت
وەک عەرەب دەخیل دەسمە دامانت
کوردم، بوردییەم نەزمی کوردییە
پەنام ھێناوە، وەختی مەردییە

پەراوێز edit