ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٤٦. ڕزگار بوونی بریندار و کوێر و نەخۆش بە یومنی فەڕی ئەو ﷺ
ھەر بە کەڕامەت شای ساحێب ئەمان
لوقمان مەشرەب بوو، بێ دەوا و دەرمان
چاوی قەتادەی موخلیسی ئەڕشەد
کەوتە سەر کوڵمی لە غەزای ئوحود
نایەوە جێگە و دەستی پیا ھێنا
بوو بە چاوێکی بە دەرک و بینا
چاوانی «فودەیک» نابینا و زەلیل
تفی خۆی لێدان ڕەسوولی جەلیل
وا شتی ئەدی لە عومری ھەشتا
تۆ ئەتوت فودەیک مناڵە ھێشتا
بە تفی ئەو بوو سددیقی نازار
ڕزگار بوو لە سۆی ئێشی گەستی مار
بە تفی ئەو بوو حەیدەر لە خەیبەر
چاوی ڕزگار بوو لە ئێش و خەتەر
پێی ئەبوڕافیع شکا بە جەفا
دەستی پیا ھێنا شای ساحێب سەفا
وا خۆشەوە بوو ئەتوت باش جەڕڕاح
ھاتووەتە سەری بۆ جەبر و ئیسڵاح
ژنێکی داماو منداڵێکی بوو
کەچەڵ و لاواز، زۆر بێرەنگ و ڕوو
ھێنایە پەنای سەییدی سەردار
بۆ ڕزگار بوونی لە زام و ئازار
دەستی نازاری ھێنا بە سەرا
مناڵ ڕزگار بوو لە گشت ماجەرا
منداڵێکی شێت، بێحاڵ و بێھۆش
وێڵ و سەرگەردان، ناساغ و نەخۆش
دایکەکەی ھێنای بۆ حوزووری ئەو
تا ڕزگار ببێ بە ھیممەتی ئەو
دەستی خۆی دانا لەسەر سینەی ئەو
دوعای لەبۆ کرد شای ساحێب پڕتەو
بە مەیلی خودا گورج ڕشایەوە
ڕەنگی وەکوو گوڵ زوو گەشایەوە
بۆ خۆی ڕزگار بوو لە شێتی و ئازار
بە بەرەکەتی سەروەری نازار

پەراوێز edit