ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٤٤. باسی بڕێ لە «اِرھاص» و «کَرامات» و «مُعجِزات»ی حەزرەت ﷺ
با بڵێین بەعزێ لە ئیڕھاساتی
لە کەڕامات و لە موعجیزاتی
لە پێش نوبووەت «خرق العاده»ی خاس
لە ئیستیلاحا پێی ئەڵێن «اِرهاص»
بە مەعنای ئەساس بۆ پێغەمبەری
دامەزراندنی پایەی سەروەری
بە «خرق العاده»ی دوای نوبووەت
بێ موعارەزە بڵێ «كرامَت»
پاش نوبووەت و تەڵەبی کوففار
ھەر خاریقەیێ ئەو بیکا ئیزھار
بەو خاریقەیە ئەڵێن «مُعجِزه»
چونکی خەسمەکەی بەوە عاجزە
نیشانەکانی شەوی وەلادەت
ھەموو ئیڕھاس بوون لەبۆ نوبووەت
ھەر وا ئەو ھەورە لە کاتی سەفەر
لە ڕاسەریەوە ئەبوو بە سێبەر
کە بوو بە ڕەسوول سەییدی ئەنام
گەلێ جەمادات لێیان کرد سەلام
کۆڵەکەیێ بوو لەو مزگەوتەدا
بۆ خوتبە پاڵی پێیەوە ئەدا
کاتێ تەرکی کرد پاش بینای مینبەر
ناڵاندی لەبەر فیراقی دولبەر
تا ڕۆیشتە لای بە میھرەبانی
باوەشی پیا کرد وەک برای گیانی
ئەوجا بێدەنگ بوو بە سەبر و ئارام
بە مەحەببەتی «عليه السّلام»
تەسبیحاتی کرد بە ئەمری خودا
مشتێ وردە بەرد لە دەستی ئەودا
ھەروا لە دەستی بووبەکر و عومەر
لە دەستی عوسمان مەحبووبی سەروەر
بە ئەمری ئەو بوو دارخورما لە دوور
ھات بوو بە حیجاب بۆ شاھی مەنسوور
دارێکی سەمری بانگ کرد بۆ تەسدیق
ھات و پاش تەسدیق گەڕاوە تەحقیق
وشتر چەن دەفعە ھاتن بۆ شکات
لە قورسی بار و ڕێگەی دوور وڵات
شکاتی ئاسک و قسەی سووسەمار
باسی دەفەی شان بۆ خەتەری ژار
گەلێ دوعای کرد گشتیان قبووڵ بوون
بۆ خێر و بۆ شەڕ بۆ بوون و نەبوون
بە دوعای ئەو بوو حەزرەتی عومەر
ئیمانی ھێنا، گەیشت بە سەمەر
بە دوعای ئەو بوو حەزرەتی ئەنەس
عومر و ئەولاد و ماڵی کەوتە دەس
بە دوعای ئەو بوو کە ئیبنو عەبباس
لە دونیا گەڕا بە «اعلم النّاس»
بە دوعای ئەو بوو ساڵی وشکەساڵ
باران ئەباری مەحاڵ بە مەحاڵ
دوعای شەڕیشی لە ھەرکەس ئەکرد
بە ئەمری خودا تەئسیری ئەکرد
ئەو پێنج بێشەرمە کە بە ئیستیھزا
بۆ حەزرەت ئەبوون بە مایەی سزا
دوو ئەسوەد ناو و حاریس و وەلید
عاس ئیبنو وائیل نامەردی پەلید
زوو گیرۆدە بوون بە دوعای حەزرەت
لە دونیا دەرچوون بە داخ و حەسرەت
ئەسوەدی کوڕی موتتەلیب کوێر بوو
ئەسوەدی دووھەم ئیسقای پێ فێر بوو
وەلید بە تیرێ جەستەی داڕزا
عاسیش بە دڕکێ فەوتا بە سزا
حاریسیش سەری داوەشا بە زام
لە دونیای ڕۆشن دەرچوو بە ناکام
بوون بە سەدەقە بۆ ئەو پێنجانە
کەوتنە کۆشش ئازا و مەردانە
پەیمانی شەڕیان تێکدا بە یەکجار
ھۆزی حەزەریان ھێناوە بۆ شار
مەعتەم و زەمعە و ھیشام و زوھەیر
«ابو البحتري» مەردی ساحێب خەیر
بە دوعای ئەو بوو عەتەبەی نەگبەت
کوشتی شێرێکی بەھێز و ھەیبەت
پیاوێکی عەرەب دڵ و دەروون سارد
بە دەستی چەپی تەعامی ئەخوارد
حەزرەت بە نەرمی و ئارامی فەرمووی
دەستی ڕاس چاکە نانی پێ بخۆی
کابرا بە عیناد وتی ناتوانم
ھەر بە دەستی چەپ خواردن ئەزانم
فەرمووی با وابێ کابرای بەدعەمەل
دەستی نەخۆش کەوت بە دەردی شەلەل

پەراوێز edit