ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٤٣. باسی وەزعی ئەعزا و بەدەنی و شێوە و ڕەنگی
لە شەمایلی شیرینی حەزرەت
بەعزێکی ئەڵێم لەبۆ مەعریفەت
سەری گەورە بوو، پێشانی گوشاد
ھەرکەسێ ئەیدی پێی ئەبوو دڵشاد
جارجار مووی سەری ئەگەییە سەر شان
جارجار کۆتاتر پیا ئەبوو پەخشان
ئەبرۆی بە وێنەی قەوسی تیرئەنداز
چاوانی جوان بوون بە وێنەی شاباز
چ لە پشتەوە، چ لە بەردەمی
شتیان ئەبینی بێزیعف و کەمی
ڕەنگی ڕوخساری جوان و سپی و سوور
دەرئەکەوت لە دوور بە وێنەی بلوور
ئاخ بە تەماشای ئەو چرای سەفا
من ڕزگار ئەبووم لە دەرد و جەفا
لووتی ساف و ڕێک شێوەی بەرانی
ساف و ئاودار و شاش بوو ددانی
زمانی فەسیح، قسەی شیرین بوو
تفی دەرمانی ئێش و برین بوو
گەردنی بێگەرد، بەوێنەی بلوور
ئەدرەوشایەوە بێعەیب و قوسوور
سینگی گوشاد و دڵی بە قووەت
پڕ لە زانست و عەقڵ و مورووەت
کە بە چاو ئەنووست دڵی بێدار بوو
مەشغووڵی یادی خودای غەففار بوو
دڵی ئەو شاھی ساحێب پڕتەوە
چوار جار لەت کرا و شۆراوەتەوە
لەپاش دوو ساڵی، دە ساڵی و چل ساڵ
لە پەنجا و یەکا، «مِعراج الكمال»
ھەموو ھەر سیڕڕ و «خَرق العادت» بوون
مایەی سولووکی ڕێی سەعادەت بوون
ناو شانی گوشاد بە تین و قووەت
لای چەپیەوە بوو مۆری نوبووەت
بە وێنەی ھێلکەی کۆتر، یا کەوێ
قەزای لە نەجمەی پادشا کەوێ
دەستی پڕ سەفا و سەخا و نەسرین بۆی
وەھا درێژ بوون ئەگەینە ئەژنۆی
دەستی دانایە لەسەر ھەر ئێشێ
شیفای بۆ ئەھات نەی ئەما ڕێشێ
ئاخ بەو دەستەکەی وەکوو بەستەی گوڵ
نەجاتی ئەدام لە خەستەیی دڵ
ژێری پێی ساف و بۆنی وەک عەنبەر
فریشتە سیرەت، ئەندام بێسێبەر
نە کورت، نە درێژ، باڵای موعتەدیل
بەرزیشی ھەبوو لەسەر موقابیل
ھەرچەن سوورەتی جوان و زەریف بوو
خولق و سیرەتی زیاتر شەریف بوو
زیکری زوبانی ناوی خودابوو
دایم مەشغووڵی نەشری ھودا بوو
سیواکی ئەکرد بە داری ئیراک
تەرغیبی عامی ئەکرد بۆ سیواک
مەزاحی ئەکرد لەسەر سەداقەت
قسەی خۆشی بوو لەسەر حەقیقەت
زەردە خەندەی زۆر پێکەنینی کەم
قەھقەھەی نەبوو سەییدی ئەکرەم
ئەگریا کاتی بیستنی قورئان
لە شەونوێژیشا، ئەمما بڕێ ئان
لە کاتی ترسی خوای بە عەزەمەت
کاتی بەزەیی بۆ حاڵی ئوممەت
وەفا بە وەعدە تەبیعەتی بوو
حەیا بە وێنەی حەقیقەتی بوو
زیاتر لە عالەم بە عەقڵ و عیففەت
بە شەرم و شکۆ، بە بەرزی سیفەت
شەو بەعزەن ئەنووست، بەعزەن بێداربوو
مەشغووڵی فیکر و زیکری غەففاربوو
ھێندە لە نوێژا ڕاوەستا بە شەو
ئاوسان ھەردوو پێی نازەنینی ئەو
ئەغڵەب دووشەممە و پێنج شەممە و جومعە
بەڕۆژوو ئەبوو ئەو ساحێب ڕوفعە
«ایّام البیض» و شەش ڕۆژەی شەواڵ
عەرەفە و عاشوورای ئەگرت بە کەماڵ
دائەنیشت وەکوو ساحێب ویقاران
نەئەکەوتە پێش لە ڕیزی یاران
لە ڕێ ڕۆیینا بۆ پاش و بۆ پێش
فەرقی نەئەکرد شای مەشرەب دەروێش
لەسەر ئەسپ و کەر ھێسر و وشتر
سوار ئەبوو بێ فەرق، جار لە جار خۆشتر
لە پاشکۆی خۆیا لەبەر شەفێقی
سواری ئەکردن بەندە و ڕەفێقی
بە ئیشی ئاسان گەلێ مەسروور بوو
لە تەسەننوع و تەکەللوف دوور بوو
کۆمەکی ئەکرد بە شەخسی زەعیف
جا نەخوازەڵا داماوی شەریف
بۆ بێوەژن و ھەتیوی بێکەس
لەبۆ غەریب و خزمانی بێدەس
ئەیپرسی حاڵی غایب و نەخۆش
عەیادەتی بوو لەگەڵ قسەی خۆش
ئیستیڕجاعی بوو بۆ یەکێ ئەمرد
بە خشووع نوێژی جەنازەی ئەکرد
لەگەڵ جەنازەی ئەچوو بە تەمکین
دوعای بۆ ئەکرد لە دوای داپۆشین
وەھمی عاجزی لەھەرکەس ئەبرد
ئەڕۆیی بۆلای دڵخۆشی ئەکرد
ئیکرامی زۆر بوو بۆ زومڕەی ئەشراف
حەقی وەرئەگرت بە فەزڵ و ئینساف
سەرفی نەزەری ئەکرد لە خیلاف
لە قسەی تاڵی پیاوی بێئینساف
لە موشکیلاتا تەدبیری ئەکرد
ھەرکەس مەغروور بوو تەسخیری ئەکرد
دەستی ئەشۆری و «بسم اللّه»ی ئەکرد
ئەوجارە دەستی بۆ تەعام ئەبرد
ڕەخنەی نەدەگرت لە چێشت و تەعام
ئەمیانە وشکە و ئەویانە بێتام
یا تەرکی ئەکرد یا خۆ زوو بە زوو
لێی ئەخوارد شتێ، بەپێی ئارەزوو
قەت جیا نەبوو نانی لە یاران
چ لە دەوڵەمەن، چ لە ھەژاران
ترێ و کاڵەکی ئەخوارد بە ویقار
ھەم بە یەکەوە ڕوتاب و خەیار
زەوقی مایل بوو بە چەور و شیرین
وەکوو خورماوڕۆن ھەم ھەڵوا و ھەنگوین
شیری مەیل ئەکرد چاشت و ئێواران
مەیلی بوو لەسەر گۆشتی باڵداران
زەوقی شانی بوو لە گۆشتی حەیوان
ئەیکرد بە پێخۆر سرکە لەگەڵ نان
ھەر بە سێ پەنجە، جارجار بە چوار
چێشتی ھەڵئەگرت بە شەرم و ویقار
پێی خۆش بوو لیباس لە بوردی یەمان
لە ماددەی خوری و لە ماددەی کەتان
ڕەنگی سپی و سەوز لەلای مەرغووب بوو
پارچەی بەو ڕەنگەی لەلا مەحبووب بوو
ئەیکردە پەنجەی بچووکی خاتەم
زۆر لە دەستی ڕاست لە دەستی چەپ کەم
چەوری ئەفەرموو مووی سەری جارجار
زۆر مەیلی ھەبوو بە عەتری بۆندار
میسکی ھەڵئەگرت، بخووری ئەکرد
لە داری عوود و لە کافووری ورد
سوورەتی پاک و شەرەف و عەرزی
سیرەتی چاک و ئەخلاقی بەرزی
نایەتە نووسین بۆ من بە دەفتەر
سەڵەوات لەسەر ڕۆحی پێغەمبەر
بەسە بۆ سەنای قورئانی کەریم
«إِنَّكَ لَعَلي خُلُقٍ عَظيمٍ»

پەراوێز edit