ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٤٢. باسی شۆرین و کفن و نوێژی جەنازە و داپۆشینی حەزرەت ﷺ
ڕۆژی دووشەممە و ھەم شەوی ئاتی
ھەروا مایەوە لە جێی وەفاتی
ڕۆژی سێشەممە حەیدەری کەڕڕار
شۆردی جەسەدی سەییدی ئەبڕار
کۆمەکی ئەکرد عەبباسی مامی
ھەم «فضل»ی کوڕی ساحێب مەقامی
ئوسامە و شەقران عەلاوەی قیسەم
ئازاد کراوی ڕەسوولی خاتەم
بە شەرم و ئەدەب لەلای پەردەوە
بە چەن حەسرەت و ئاھی سەردەوە
ئاویان ئەڕێژا و ئەگریان بە تاو
بە جۆشی سینە و جگەری سووتاو
ئاوی ئەووەڵجار گەرمی بێقوسوور
دووھەم ئاو و مورد، سێ ئاو و کافوور
بە سێ شاکفنی سحوولی ئەنوەر
عەلاوەی ئەوان کراس و مێزەر
پاش غوسڵ و کفنی ئەو سەرفەرازە
حازر بوون لەبۆ نوێژی جەنازە
ئەووەڵجار پیاوان دووھەم لە ژنان
سێھەم مناڵی بە تەمیزی جوان
فەقەت لەم نوێژا ئەسحابی کیڕام
ھیچکەس لەبۆ کەس نەبوو بە ئیمام
ھەر لە سێشەممە یا لە شەوی چوار
یا لە ڕۆژیا، بە نەقڵی ئەخبار
لە جێی وەفاتیا قەبریان ھەڵکەند
لە حوجرەی عولیای عائیشەی پەسەند
قەبر ھەڵکەنی ئەبووتەلحە بوو
لەسەر تەرتیبی حەفر و لەحد بوو
فەرشی ئەلحەدیان بۆ کرد بە نۆ خشت
سوورەتی ئەلحەد سیرەتی بەھەشت
عەبباس و عەلی ھەم «فضل» و «قثم»
ڕۆیشتنە قەبری سەییدی ئەکڕەم
بە شەرم و شەرەف دایان ھێشتە خوار
تەسلیمیان فەرموو، بە ڕەوزەی گوڵزار
عومری عەزیزی شەست و سێ ساڵ بوو
عەقڵی و حەواسی پڕ لە کەماڵ بوو
بڕژێ بەسەریا سەلات و سەلام
بە قەد حورووفی جەمیعی کەلام

پەراوێز edit