ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٤١. واقیعاتی ساڵی یازدەھەم
لە ساڵی یازدە لە مانگی سەفەر
جوبرەئیل ھێنای بۆ «خير البشر»
«وَاتَّقُوا يَوْما تُرْجَعُونَ فيه»
ئیشارەی مەرگی حەزرەتی وەجیھ
ڕۆژی دووشەممە، بیست و حەوتی مانگ
رێکی خست سوپای بەرزی بەناوبانگ
ڕۆژی چوارشەممە کەوت بە نەخۆشی
ئازار وجوودی ئەوی داپۆشی
ھەر لە ئەووەڵی ئەم نەخۆشیا
خوتبەیەکی خوێند بەرز و بە مەعنا
ڕۆژی پێنج شەممەی ئاخری سەفەر
ئاڵای ئوسامەی ڕێخست بۆ سەفەر
یەعنی سەرۆک بێ بۆ ئەو سوپایە
چونکی ھەر قائید ساحێب ئاڵایە
ئەمما چوون حەزرەت ھەر موبتەلا بوو
ئوسامە ھێزی ئەژنۆی شکابوو
ڕۆژی یەک شەممە سێھەمی ڕەبیع
غاڵب بوو ئێشی سەییدی ڕەفیع
لەبەر نەخۆشی جەستەی نازاری
لەبەر غەڵەبەی ئێش و ئازاری
ویستی لە شوێنێ بمێنێتەوە
لە نۆبەی ژنان خۆی بگرێتەوە
ئیزنی خواست مەولای مەرتەبەی کوبڕا
نەخۆش بێ لەلای عائیشەی حەمڕا
جا بۆ دووشەممە ئەو ڕوخسار چرا
کەوت لە مەنزڵی عائیشەی حەمڕا
ھەرچەن نەخۆش بوو بە دڵ و ئەندام
لە نوێژەکانا ئەبوو بە ئیمام
فەقەت پێنج شەممە ویسعەت نەمابۆی
ئەبووبەکری کرد بە جێداری خۆی
جا ئەبووبەکریش بە ئیستیقامەت
دەوامی ئەکرد لەسەر ئیمامەت
دووشەممەی دوازدەی «ربيع الأوّل»
موتەوەففا بوو سەییدی ئەکمەل
شابازی گیانی بە قەدر و ئیعزاز
بۆ باغی فیردەوس کەوتە سەر پەرواز
خۆی بە دڵ مەیلی لەسەر پەرواز بوو
لیقای تەجەللای خودای نیاز بوو
بە ڕەحمی ڕۆحی ساحێب ھیممەتی
بوو بە زەخیرە لەبۆ ئوممەتی
ئای لەو زەلزەلە و سەدەمەی عوزما
ئافاقی پڕ کرد تا سەفحەی سەما
یارانی ھەموو سینەیان جۆشا
بۆ فیراقی ئەو دڵیان خرۆشا
سەرسام و مەلوول، حەیران و بێھۆش
بەعزێکیان لێ مرد، بەعزێکیان نەخۆش
وا پەرێشان بوو عومەری فارووق
قەسەمی ئەخوارد بە حەزم و وسووق
ھەرکەسێ بڵێ کە پێغەمبەر مرد
بە شیر ئەیکوژم زوو بە دەست و برد
ئەمما حەزرەتی بووبەکری سددیق
ھەروەکوو خۆی بوو مەحکەم و وەسیق
خوێندیەوە وەکوو خەتیبی سەییت
ئایەی شەریفەی «إِنَّكَ مَيِّت»
جا تەسکینی دا بە دڵی فارووق
لە وەفاتی ئەو گەیی بە وسووق

پەراوێز edit