ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٤٠. واقیعاتی ساڵی دەھەم
مەعازی ھەنارد شاھی موئتەمەن
ھەم ئەبوومووسا بۆ خاکی یەمەن
خالیدی ھەنارد بۆ خاکی نەجران
عەلی بۆ یەمەن، بۆ نەشری ئیمان
ڕۆیی و ھاتەوە بە فەتح و زەفەر
بۆ حەجیش گەیشت بە «خير البشر»
لەم ساڵەدا بوو «حجّة الوداع»
سەد و چوار ھەزار ئەسحاب بە ئیجماع
وەکوو پەروانە بە دەوری شەمعا
ئەویش وەک چرا لە حەلقەی جەمعا
چوون لەبۆ حەجی بەیتوڵڵای مەعموور
بە ئیخلاسی دڵ بە سەفا و حوزوور
لە ڕۆژی جەژنا لە خاکی «مِنىٰ»
جوبرەئیل سوورەی «نصر»ی بۆ ھێنا
بە دوای ئەوا ھات لەسەر تەراکوم
ئایەی «الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ»
حەزرەت حاڵی بوو کە مەعنای ئیکمال
خیتامە لەبۆ وەحی «ذو الجلال»
لەپاش «نصر» و «فتح» ئەمر بە تەسبیح
حەمد و ئیستیغفار ئیمایە و تەلمیح
بەمە نزیکە وادەی وەفاتی
بڕوا و شاد ببێ بە لیقای زاتی
ئینجا بانگی کرد حەزرەت لە زەھرا
پێی فەرموو ئەوا دەعوەتم کرا
وادەی ڕیحلەتە لە دونیای فانی
وادەی وەفاتە و لیقای ڕەببانی
جا گریا بە جۆش فاتیمەی بەتوول
تا تەسکینی کرد حەزرەتی ڕەسوول
کە گەڕانەوە لەبۆ مەدینە
لە غەدیری خوم، ئەو پڕ تەمکینە
خوتبەیەکی خوێند گەلێ بە قیمەت
بۆ دین و دونیا ھەتا قیامەت
بۆ فەرد و کۆمەڵ بۆ دین و ئەخلاق
بۆ بەرزی ئیسلام لە کورەی ئافاق
بۆ شوێن کەوتنی سوننەت و کیتاب
بۆ ئیستیقامەت لەسەر ڕێی «صَواب»
جا کە ھاتەوە و گەییە مەدینە
ئەو پایە بەرزەی ساحێب تەمکینە
لە جاران زۆرتر مەشغووڵ بوو بە دین
بە حەمد و زیکری خودای عالەمین

پەراوێز edit