ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٢٨. ھیجرەت و تەشریف بردنی حەزرەت ﷺ بۆ مەدینەی مونەووەرە
سێ شەو ماتڵ بوون لە عەینی ئەشکەوت
لەسەر دەلیل و وڵاغی خۆش ڕەوت
کە پەیدایان کرد بە سەفای سینە
ھەردوو سوار بوون بەرەو مەدینە
عەجایباتی ڕێگەی مەدینە
بڕۆ لە پەڕەی تاریخ ببینە
ئەڵێ ڕۆیشتنە خێڵێ لەسەر ڕێ
«امّ معبَد»یان کرد بە خانەخوێ
پیرەژنێ بوو بە مەشرەب ئەمیر
ھەر مەڕێکی بوو وشک و لات و پیر
حەزرەت دەستی خۆی لەو کوتوپڕا
ھێنا بە گوانی وشکی ئەو مەڕا
بە یومنی دەستی ڕەسوولی ئەمین
بوو بە مەڕێکی شیرا و نازەنین
شیریان لێ دۆشی، شەربەتیان نۆشی
بۆ ئومموومەعبەد بوو بە دڵ خۆشی
چەن ساڵ شیری دا ئەو مەڕە بە فەڕ
مایەوە ھەتا وەفاتی عومەر
ئەڵێ سوراقەی شۆخی سوارچاک
بۆ تەعقیبیان ھات، بە چوست و چالاک
کە لە دوورەوە سوراقە دەرکەوت
ناسی بووبەکر بە شێوە و بە ڕەوت
تا گەییە شوێنێ کە ھەڵمەت بێنێ
لەبۆ کوشتنیان دەست بوەشێنێ
لەسەر ھیممەتی سەییدی لەولاک
سێ جار بە سواری ڕۆچوو لەناو خاک
ئینجا تۆبەی کرد لە فیکری زەرەر
ئەمیش عەفووی کرد بە سەرفی نەزەر
کە گەڕایەوە موژدەی پێ درا
بۆ ئەوە تاج و زینەتی کیسڕا
ھەروا ڕۆیشتن وادی بە وادی
بە زەوق و فەرەح بە شەوق و شادی
جا خەبەردار بوون تایفەی ئەنسار
لەسەر قودوومی مەحبووبی نازار
ھەموو بە کۆمەڵ ھاتن تا «قُبا»
بۆ ئیستیقباڵی شاھی «نُجَبا»
لەوێ گەیشتن بە لیقای مەحبووب
پەروانەی ئەو بوون، گەیین بە مەتلووب
لە دێی قوبادا تا بیست و دوو شەو
ئاسایشی کرد، شای ساحێب پڕتەو
لە جومعەدا بوو دەرچوو لە قوبا
بە شنۆی خۆش بۆی نەسیمی سەبا
نوێژی جومعەی کرد لە بەنی سالم
لەگەڵ یارانی خۆش تەبع و سالم
پاش نوێژی جومعە ئەو بە تەمکینە
موشەڕڕەفی کرد شاری مەدینە
خودا ڕازی بێ لە فیرقەی ئەنسار
زۆر بە ئیکڕام بوون بۆ مەولای ئەحڕار
بە لای ھەر ماڵێ ڕائەبورد حەزرەت
دەعوەتیان ئەکرد بە شەوق و عوشرەت
ھەتا دابەزی بە گوێرەی مەتڵووب
لە ماڵی ئەبووئەییوبی مەحبووب
جا کۆ بوونەوە یارانی بە جەمع
وەکوو پەروانە لە ئەترافی شەمع
شاری مەدینە و ئەترافی پاکی
بە نووری ئیسلام کەوتە ڕووناکی

پەراوێز edit