ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٢٧. تەعقیب کردنی کافرەکان بۆ حەزرەت ﷺ
کاتێ حاڵی بوون کافری بەدحاڵ
کە ئەو سەروەرە دەرچووە لە ماڵ
گەڕان بە شارا لە خوار و لە ژوور
بە دەوری شارا، لە نزیک و دوور
ھەتا ڕوویان کرد لە دەرگاکەی غار
لەو کاتا ترسا بووبەکری نازدار
لەویا پێی فەرموو شای ساحێب پەنا
«لا تَحْزَنْ إِنَّ اللّهَ مَعَنا»
یانێ مەترسە، خوا لەگەڵمانە
حەرەسی خودا ھاومەنزڵمانە
جا خودا ناردی بۆ ئەو سەروەرە
کۆترە باریکە و جۆڵاییکەرە
کۆتر بە ھێلکە و ھێلانەکەی خۆی
جۆڵایی کەرەیش بە ھۆی تان و پۆی
پەردەیان لێدا بۆ چاوی کوففار
خەیاڵیان وێڵ بوو لە تەحقیقی غار
کافرەکان ڕۆیین، ئەمجارە سددیق
لەو غارا کەوتە گەڕان و تاقیق
لێی فڕە ئەدا بەرد و دڕک و دار
پڕی ئەکردۆ کونی مشک و مار
تەنھا کونێ ما پێی خۆی نایە سەر
بۆ دەفعی زەرەر لە «خير البَشَر»
ئینجا حەزرەت نووست لای یاری گیانی
سەریشی دانا لە سەری ڕانی
لەم کاتەدا بوو ماری بە ئازار
دای لە پەنجەی پێی سددیقی نازدار
لە ئێشی ژاری ماری بێئامان
فرمێسکی چاوی ئەڕژایە دامان
یەک دوو قەترەی دای لەسەرگۆنای ئەو
سەروەری نازدار بێدار بوو لە خەو
پرسی ئەسبابی ئازاری سددیق
جا کە حاڵی بوو لە حاڵی ڕەفیق
دای لە پەنجەکەی تفی بە سەفا
خودا ئەو تفەی بۆ کردە شەفا
شەھدی لێوی دۆست ئەبێ بە تریاق
بۆ ماران گەستەی عاشقی موشتاق
عەلاوە ئاوی دەمی ئەو زاتە
ھەوێنی چەشمەی ئاوی حەیاتە
ڕۆحی من فیدای سەییدی سەردار
ھەم «ثانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُما فِي الْغارِ»

پەراوێز edit