لە دین دەرناچێ ئەھلی کەبیرە
ھەرچەن ئەسیری بیری تەقسیرە
مەگەر گوناھێ بیکا بە کافر
چ جورمی باتین چ جورمی زاھیر
وەکوو ئینکاری ڕوکنێکی ئیمان
یا ڕوکنی ئیسلام، ئامان سەد ئامان
مەسەل ئینکاری خەللاقی ئەکبەر
یاخود ئینکاری «بَعث»ی پێغەمبەر
ئینکاری فەنا و ئینکاری مەعاد
بۆ حەشر و نەشری جەمیعی عیباد
یاخود ئینکاری ڕۆژووی ڕەمەزان
یا حەجی بەیتی «كعبة الرّحمن»
یەئس لە ڕەحمەت، ئەمن لە عەزاب
یاخود تەحقیری سوننەت و کیتاب
تەحریمی حەڵاڵ، تەحلیلی حەرام
ئەمما بە نەسسی ئەدیللەی ئەحکام
گوناھی غەیری نەوعی ئەمانە
پێی کافر نابێ ئەو موسوڵمانە
***
وەکوو ڕەزیلەی بەخێڵی و نیفاق
حەز لە شۆرەت و ناوبانگی ئافاق
خۆ لێ بایی بوون، ڕیا و تەکەببور
حیرس و تەماع و بوغز و تەھەوور
گومانی بەدی بە ئەحواڵی خەلق
چاکی لەبۆ خۆی ڕەزیلەی سەردەق
***
دوژمنی لەگەڵ تایفەی چاکان
عولەما و ئەولیا، باقی دڵ پاکان
بێ حەیا و شەرمی لەگەڵ دایک و باب
بۆ دونیا عارە و پاشەڕۆژ عەزاب
قەتعی سیلەی ڕەحم لەگەڵ خزم و خوێش
تەشەر و تانە لە شەخسی دڵ ڕێش
مەنعی دڵسۆزی لەگەڵ خاس و عام
مەخسووس تەربییە و تەعلیمی ئەحکام
بە خسووس قسووری ئوستادی مەڕسووم
بۆ تەعلیماتی توللابی علووم
کوفری نیعمەت و جەفا لە پەیمان
ئەمما پەیمانێ بشێ بۆ ئیمان
غەیبەت و درۆ و وەعدە بە خیلاف
دەست بڕینی خەڵک بە لاف و گەزاف
سەرفی موسکیرات، چ وشک و چ تەڕ
لاتی و شێتییە و بۆ عاقیبەت شەڕ
***
تەحسیلی علووم ھەر لەبۆ دونیا
وەک دەسکەوتنی جاھ و کیبریا
دامەزراندنی بیدعەت و ئیفساد
تەرکی سوننەتی «سيّد العباد»
بە دەوام تەرکی نوێژی جەماعەت
یا تەرکی جومعە بە ڕەسمی بیدعەت
لەبەر تەشائوم ڕجووع لە سەفەر
یا بە سەنەدی قسەی حیسابگەر
***
خواردنی ماڵی ئەوقاف و ئەیتام
یا ماڵی حەرام بە ھێزی حوککام
مەخسووس بە بەرتیل، بە سوێندی درۆ
دینت ئەفەوتێ و ئەبی ڕەنجەڕۆ
ماڵ داگیر کردن بە نفووز و زۆر
بە دزی و جەردەیی وەکوو چەکەخۆر
لە گەز و وەزن و مەنا خەیانەت
شەھادەتی زوور، کەتمی شەھادەت
خەیانەت لەگەڵ ماڵی ئەمانەت
بەدترە لە گشت قیسمی خەیانەت
سوود و بەرتیل و گرەو و قومار
ئاگری سوورن زینھار سەد زینھار
ھەرگیز ئەمانە مەکە بە پیشە
دارت دەریێنێ لە ڕەگ و ڕیشە
لە ھەموو بەدتر کاکی بە تەمکین
دونیا خواردنە بە بەھانەی دین
ئەساسی ھەموویش حوببی دونیایە
ھەر بۆ دونیایە ئینسان ڕیسوایە
کوشتنی ئینسان بێ حەق و قیساس
ھەم داوێن پیسی ئینسانی ناڕاس
دانانی داوی بەڵا و موسیبەت
بۆ ئەوەی یەکێ بخەیتە زەحمەت
بە فیتنە و ئیفساد بە دوو زمانی
بۆ نەفس و نامووس یا ماڵ دانانی
بوختان بۆ ژن و بۆ پیاوی شەریف
نیسبەتدانی خەڵک لە ئیشی کەسیف
لەقەب داھێنان لە موسوڵمانان
تەحقیری فەقیر بە جەور و توغیان
بە چاوی سووکی ڕوانین لەبۆ غەیر
خۆ بە زل گرتن بە پایە و بە خەیر
لەگەڵ دڵ سافان فێڵ و ناسافی
گوێ نەدان بە حەق بە بێ ئینسافی
لە مزگەوتانا قسەی دونیایی
تەرویجی ناحەق بە ناڕەوایی
بێدەنگ بوون لەسەر کردەوەی حەرام
ئەگەر بێفیتنە بگا بە مەرام
لە کاتی عوزرا ڕەفێقی ژنان
یانێ بۆ بەینی ناوک و ئەژنۆیان
تەرکی واجیبات بێعوزری شەرعی
یا فیعلی حەرام مەمنووعی قەتعی
کەبیرە زۆرن غەیری ئەمانە
ناگونجێن ھەموو لەم ڕیسالانە
بڕۆ بپرسە لە عولەمای دین
لە ترسی خودای «ربّ العالمين»