لەسەر تەرتیبی وەسفی خەلافەت
ھەر پێنج خەلیفەی ساحێب شەرافەت
پاش ئەوان «حسين» جا «حمزه» و «عباس»
ئەمجارە باقی عەشەرەی حەقناس
«طلحه» و «زبير» و «ابوعبيده»
«عبدالرحمن» و «سعيد» و «سعد»ە
ئینجا سێسەد و سیازدەی ئەھلی بەدر
غەیری ئەوانەی ڕابووران بە قەدر
لە ھەر ماڵێ بن ناوی ئەمانە
یا لای ھەرکەسێ چاکە، بیزانە
یانێ سەبەبە لەبۆ بەرەکەت
لەبۆ ڕزگار بوون لە شەڕ و ئافەت
تکا بەمانە لە کاتی ڕجا
بۆ ھەر موشکڵێ ببەی ئیلتیجا
مایەیە لەبۆ کەشف و ئیجابە
لەسەر تەجرەبەی ئەھلی ئیسابە
جا ئەھلی ئوحود حەوسەد ئەسحابە
ھەموو موھەییا وەک شێری غابە
ئینجا ئەسحابی «بيعة الرّضوان»
ھەزار و چوارسەد بە سیمای جوان
پاش ئەوان باقی ئەسحابی حەزرەت
بە گوێرەی سەبقی ھیجرەت و نوسرەت
تەرتیبی ژنان «فاطمه»ی زەھرا
ئینجا «خديجه» و «عايشه»ی حەمڕا
سەییدە «حفصه» و «امّ حبيبه»
سەییدە «سوده»ی مەشرەب نەجیبە
«امّ سلمه» و «ميمونه» و «زينب»
جا «جويريه» و «صفيه»ی بە ئەدەب
ئەمجارە باقی ئەسحابی حەزرەت
لە ژنان بەپێی ھیجرەت و نوسرەت
لەپاش ئەسحابە فیرقەی تابیعین
بە خسووس عولەما لە موجتەھیدین
«خَيْرُ الْقُرُونِ قَرْني» میقیاسە
بۆ تەرتیبی عام وێنەی ئەساسە
بەم تەرتیبە فەزڵ عەینی ئینسافە
لەمە لابدەی ناحەق و لافە
وایە مەشرەبی ئەئیممەی سەلەف
پەیڕەوی ئەوان حەققە بۆ خەلەف
***
بەعزێ ئەڕبابی بیدعەت و خیلاف
ئەڵێن بە شێوەی شوومی ئیعتیساف
لە خولەفادا عەلی ئەفزەڵ بوو
ئەو موستەحەققی ڕوتبەی ئەووەڵ بوو
ھەرچەن لەم باسا زۆر بوو قیل و قال
کێشایەوە سەر نیزاع و جیدال
منیش بۆ ئەھلی ئیحقاق و ئینساف
چەن دەلیل ئەڵێم بۆ دەفعی خیلاف
***
یەکەم دامەزرا ئیجماعی ئەسحاب
لەسەر ئەبووبەکر بە سیدق و سەواب
حەزرەتی عەلیش قەناعەتی کرد
ئەویش بێنیزاع باش بەیعەتی کرد
گەر حەق نەبوایە گەورەیی سددیق
نەئەھاتە جێ ئیجماع بە تەحقیق
ئەگەر ببوایە نەسسێکی جەلی
ئەیکرد بە دەلیل حەزرەتی عەلی
تەسەوور نەکەی عەلی زەعیف بوو
چونکی ئەوەندە مەردی شەریف بوو
مادام لایدایە لە ئەفکاری عام
دەستەی زۆر ئەبوو لە سەحبی کیڕام
عەلاوە شەخسێ ساحێب شەرافەت
چۆن قەبووڵ ئەکا غەسبی خەلافەت
دووھەم ئەسحاب و حەزرەتی عەلی
لە گەلێ جاردا بە وەزعی جەلی
بانگیان لێ ئەکرد بۆ پایە و جاھی
«يا خَليفَةَ رَسُولِاللّهِ»
فەرموودەی ئەوان ڕاست لەتیفەیە
خۆیان جاڕیان دا ئەو خەلیفەیە
***
عەلی وەریگرت خۆی لەو خەلیفە
جارییەی قەومی بەنی حەنیفە
دایکی موحەممەد حەنەفی نەسەب
ساحێبی جاھ و مەقام و حەسەب
ئەگەر خەلیفە نەبوایە سددیق
لێی وەرنەئەگرت عەلی بە تەحقیق
چوون ھەر خەلیفە حوکمی نافیزە
تەقسیمی ئەموال بۆ ئەو جائیزە
***
ئەگەر خەلافەت بکرێ بە میراس
ئەبێ بە حەققی حەزرەتی عەبباس
عەلی بیبوایە نەسسێکی جەلی
ئاشکرا ئەبوو و ئەدرا بە عەلی
مادام وا نەبوو مەعلووم بزانە
حەق ھەر ئیجماعی ئەسحابەکانە
***
لەو حەیاتەدا حەزرەت ئیمام بوو
خۆیشی سەرگەورەی ھەموو ئیسلام بوو
کە خۆی سددیقی دانا بە ئیمام
یانێ گەورە بێ بۆ جەمعی ئیسلام
کێ بێ بتوانێ بکا جەسارەت
لابا لە میحراب ئیمامی حەزرەت
***
عەلاوەی ئەمە دەلیلی لەتیف
لەبۆ ئینسانی تەبیعەت شەریف
ئەمەیە لای دا ئەووەڵ خەلافەت
لەوان تا پاک بێ ماڵی نبووەت
لە غایەی جاھ و حیشمەت و سەروەت
لە خود پەرستی و تەقازای دەوڵەت
ھەتا دەرکەوێ مەقسوود لە ئیسلام
فەقەت ئیسڵاحە و ئیڕشادی ئەنام
کە موحەققەق بوو خەلافەی سددیق
عەھدی بۆ فارۆق باش ئەکرێ تەتبیق
عومەریش پاکە لە شوبھە و توھمەت
چونکە خەلافەی کرد بە مەشوەرەت
پاش دەوری عوسمان عەلی ئیمام بوو
جێگەی وسووقی سەحبی کیڕام بوو
تەسلیمی بکە ئیجماعی ئەسحاب
ھاوسەرە لەبۆ ئیسابەی سەواب
لادە لە فیکری ئەھلی خەرافات
بە قسەی بەتاڵ مەکە موبالات
ھەر حەق وا لەلای سەوادی ئەعزەم
لەسەر فەرموودەی ڕەسوولی ئەکرەم
خسووسەن دەسەی ئەسحابی کیڕام
ڕازی بێ لێیان خالیقی ئەنام
***
خۆت تەحقیق بکە بە عەقڵ و تەمکین
جەھدی ئەسحابە چۆن بوو لەبۆ دین
قەومێ کە خودا ڕازی بێ لەوان
تاڵب بێ کە لەو ڕازی بن ئەوان
«خير الأمّة» بن بە نەسسی ئایەت
ڕووناک بە نووری چرای ھیدایەت
نووری نبووەت لە ناویانا بێ
سیمای سەعادەت لە ڕوویانا بێ
جۆگەی زەلالی ئاوی شەریعەت
بەوان ھاتبێ بۆ دڵی ئوممەت
ڕۆن زەیتی پاکی و عیسمەتیان وابێ
بێ لە ئاگردان نووری ھودا بێ
بە شەرم و شکۆ، حەمیدە ئاسار
لەگەڵ ھەژاران بیانبێ ئیسار
خاوەن قەناعەت لە ماڵی دونیا
خۆیان بنوێنن وەکوو ئەغنیا
دڵ پاک لە دەردی نیفاق و ئەوھام
بێ باک لە دووری ئەولاد و ئەقوام
بچنە غەریبی لە ڕێی خودادا
سابیر بن لەبەر زامی ئەعدادا
لاشە زاماری ڕم و تیر و شیر
بەعزێ بکوژرێن، بەعزێکیش ئەسیر
بەعزێ بکوژێ ئەولاد و بابی
لەبەر دین لابا مەیلی ئەحبابی
تۆزی پێی ئەوان بە ھێز و ھەڵمەت
ببێ بە ھەوری بارانی ڕەحمەت
خوێنی لاشەیان بڕژێتە زەوی
درەختی حیکمەت پێی ببێ قەوی
بە دەست و بە پێ، بە زمان و دڵ
تیر و تەکان و تۆبە و تەوەککول
تۆخودا ئینسافە لە حەق لابدەی
نیسبەتی خراپ لەوانە بدەی؟
دەخیل سەد دەخیل دەس بە دامانت
نەکوژێنیتەوە چرای ئیمانت
باوەڕت ببێ ئەسحابە پاکن
بە کردەوە چاک، بە دڵ ڕووناکن
مایەی ڕووناکین لەبۆ سەرزەمین
لەپاش وەفاتیش بە دڵی نوورین
تەعزیمیان مایەی نووری ئیمانە
تەشریفیان پایەی ئەجر و ئیحسانە
بە شەرم و حە یا بڵێ بە تەمکین
«رَضِيَ اللّهُ عَنْهُمْ أَجْمَعينَ»
«وَ عَنّا بِهِمْ فِيالدُّنْيا وَالدّين»
ڕزگارمان بکا لە ئافاتی ژین