ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٢٠٦. چوارەم ڕوکنی چوارەمە
ڕوکنی چوارەمین ئەی برادەران
تەسدیقە و باوەڕ بە پێغەمبەران
لەفزی پێغەمبەر یانێ پەیغامبەر
پەیغامی خودا دێنێ بۆ بەشەر
پێغەمبەر پیاوێ ئازاد لە بەشەر
شەرعی بۆ ھاتبێ لای خودای ئەکبەر
لەبۆ تەربییەی عوقەلای ئافاق
بۆ خودا ناسی و ئوسووڵی ئەخلاق
بۆ لابردنی ڕەزیلەی نەفسی
بۆ دەفعی ھەوا و ئارەزووی شەخسی
ھەتا بەکار بێ بە ڕووناکی دڵ
بۆ ئیشی خۆی و تەدبیری مەنزڵ
بتوانێ بکا ئیدارەی بەشەر
لەسەر میقیاسی شەرعی پێغەمبەر
خۆلاسەی کەلام بگا بە کەمال
لەبەر پەیڕەوی وەزعی ئیعتیدال
لەسەر ڕەزای حەق وەربگرێ سزا
تا سەرفەراز بێ لە ڕۆژی جەزا
پێغەمبەر ئەبێ بە عەقڵ و ئیدراک
بە شەرم و شکۆ و بە ئەخلاقی چاک
پایەی باڵا بێ لە ھاو عەسرانی
لەبەر تەربییەی ئوممەتەکانی
پێغەمبەر ئەبێ نەسەبی پاک بێ
نەسەبی دارای حەسەبی چاک بێ
باوک و دایکی ئەو بە فەزڵ و شەرەف
بۆ گەوھەری ئەو ببن بە سەدەف
ئەبێ بەری بێ لە کەسبی ڕەزیل
ئەوانەی عەیبن بۆ پیاوی جەلیل
ئەبێ مەحفووز بێ لە دەرد و عیللەت
ئەوەی قەبیحە بە تەبعی میللەت

پەراوێز edit