ئەلفازی قورئان بێنوقتە و ئعیراب
دائیر بوو لەناو ئەفرادی ئەسحاب
چوون ئیعتیمادیان لەسەر تەعلیم بوو
دڵیان بۆ دەئبی حەزرەت تەسلیم بوو
کاتێ پەرەی سەند ئیسلام لە عالەم
تێکەڵ بوون بە یەک عەرەب و عەجەم
«زیاد»ی «ابن ابيه»ی مەشھوور
ڕەئیس و والی بۆ بەسرەی مەعموور
باش تێیان گەیاند تەریقی سەواب
وایە دابنێ بۆ قورئان ئیعراب
ئینجا ئەمری کرد بە «ابوالأسود»
ئیعرابی دانا بە نوختەی موفرەد
ئەم وەزعە ماوە تا عەھدی «حجاج»
عامیلی عێراق بۆ دەخڵ و خەڕاج
ئەمری کردە سەر «نصر بن عاصم»
ھەم «يحيي»ی کوڕی یەعمەری عالم
نوختەیان دانا بە تاق و بە جووت
بۆ حەرفی مەنقووت، مەعلووم و مەزبووت
نوختەی قەدیمیان گۆڕی بە ئیعراب
بۆ دەفعی غەڵەت لە قوڕای کیتاب
ئیتر ھەروەھا خوتووتی کووفی
مایەوە لەسەر شکڵی مەعرووفی
ھەتا سێسەد و کەسرێکی ھیجری
کە «ابن مُقله» کردی بە «بَصري»
ئینجا حرووفی مەسحەفی عوسمان
ھەرچی نووسرابوو بێزیاد و نوقسان
بە شکڵی بەسری ھەمووی نووسرا
قورئان بە بەسری ئیستینساخ کرا
بۆ ئەو حەرفانەیش تەوقیف ئەساسە
خاریجی ئیسم و ڕەسمی قیاسە
کەس حەقی نییە بۆ زیاد و کەم
حەق ئیتتیباعە «واللّه اعلم»
ئەم موختەسەرەم لەم بابە نووسی
لەبۆ خزمەتی قورئانی قودسی
خودا نووری قورئان بکا بە یارمان
ساحێبەکەیشی بە تکاکارمان
لە موشکڵاتی دونیا و قیامەت
ڕزگارمان بکا ساغ و سەلامەت