ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
١٩٨. دووھەم ڕوکنی «ثانی»یە
ڕوکنی دووھەمین تەسدیقە بە دڵ
بە مەلائیکەی مەعسوومی کامڵ
جیسمێ لەتیفن ھەموو نوورانی
پاکن لە عەیب و نەقسی نەفسانی
نە مێن نە نێرن، نە پیاون نە ژن
کەسیان لێ نابێ و لە کەسیش نەبوون
یانێ مەخلووقن بە ئەمری خودا
بە «كُنْ فَيَكُون» «تَبارَكَ اللّه»
ئەتوانن خۆیان دەربخەن دائیم
بە ھەر سوورەتێ پاک بێ و مولائیم
بەعزێ جار جیبریل بۆ لیقای حەزرەت
ئەبوو بە «دِحْيه» بە ڕەنگ و سوورەت
دیحیە پیاوێ بوو لە ئەھلی مەککە
سەر و قامەت ڕێک، بێگەرد و لەکە
***
دائیم موتیعن بۆ ئەمری خودا
ھەموو مەعسوومن، بەری لە گونا
لە ئاسمانا نییە بستێ جێ
کە فریشتەیێ لەو جێدا نەبێ
***
یا لە ڕکووعان یا لە سجوودا
یا وان لە نووری فەیز و شھوودا
ھەرچی مەخلووقە بۆ خودای ئەکبەر
فریشتەیەکی مەئموورە لەسەر
بە ئەمری خودای عەلیم و خەبیر
ئیدارەی ئەکا بە نەھجی تەقدیر
بەپێی وەزیفەی ھێز و قووەتدار
باڵیان دوو دووە و سێ سێ یا چوار
یانێ عادەتی لەسەر ئەسبابە
ئەگەرنا خودا ھەر خۆی حیسابە
ھیچکەس نازانێ عەدەدیان ئیللا
زاتی عەلیمی خودای تەعالا
بەعزێ بۆ بەھەشت خەزێنەدارە
بەسەر ئەمانا «رضوان» سەردارە
نۆزدە تایفە یا نۆزدە نەفەر
بە دەستی «مالِك» مەئمووری سەقەر
کاتبی ئەعماڵ دوانن بۆ شەو
دوانیش بۆ ڕۆژ، ئاگادارن لەو
کاتبی چاکە، لە سەر شانی ڕاس
ھی شەڕ لەلای چەپ بێخیلاف و باس
ئەووەڵ حاکمە، دووھەم مەحکوومە
ڕەحمی خودایی لەما مەعلوومە
مەئمووری سوئال «نَكير» و «مُنكَر»
ئەپرسن باسی خوداو پێغەمبەر
بەعزێ مەئموورن بۆ عەزابی قەبر
جا ببڕێتەوە با بگاتە حەشر
لە فریشتەدا ھەن چوار ئەسناف
ھەڵژمێرراون لە زومڕەی ئەشراف
ئەووەڵ لەمانە فیرقەی «كرّوبين»
لەبۆ تەعزیبی گشت موعەززەبین
دووھەم «روحاني» مەئمووری ڕەحمەت
سێھەم «ھەڵگری عەرشی عەزەمەت»
عەدەدیان چوارە لە نەشئەی دونیا
ئەگەیێن بە ھەشت لە نەشئەی ئوخرا
فیرقەی چوارەم «مقرّبين»ن
ساحێب مەقام و ساحێب تەمکینن
ئا لەم فریقەیە برای موجەڕڕەب
چوار مەلائیکەی والای موقەڕڕەب
شەخسی ئەووەڵیان ناوی «جوبرەئیل»
مەئمووری وەحیە و ئەمینی تەنزیل
دووھەم «میکائیل» مەئمووری ئەڕزاق
خۆشی و ناخۆشی لە ھەموو ئافاق
سێھەم «عیزرائیل» مەئموورە لەسەر
کێشانی گیانی ھەموو گیان لەبەر
چوارەم «ئیسرافیل» مەئمووری «صور»ە
دائیم چاوەڕێی ئەمر و دەستوورە
سووریش شاخێکە بە نەسسی خەبەر
کونی وا تیا بەقەد گیان لەبەر
فوو ئەکا پیایا ئیسڕافیل دوو جار
بە فووی ئەووەڵجار ئەفەوتێ گیاندار
بە فووی دووھەمیان موکەللەف یەکسەر
زیندوو ئەبنەوە و ئەڕۆن بۆ مەحشەر
لاکین ھەڵگری عەرشی بە تەمکین
چوار شەخسی مەشھوور بە موقەڕڕەبین
پاش نەفخەی ئەووەڵ ئەفەوتێن بە جەم
زیندوویش ئەبنەوە پێش نەفخەی دووھەم
عالەم لەو بەینا چۆڵو بەتاڵە
«بين النّفختين» موددەی چل ساڵە

پەراوێز edit