ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
١٧. کۆشش کردنی بەعزێ لە مەککە بۆ سوڵح
وا لە نوبووەت تەواو بوو نۆ ساڵ
جا ئینجا بەعزێ لە ئەھلی کەماڵ
بۆ خزمەکانیان ڕەحمیان جۆشا
بۆ ئیسڵاحی بەین دڵیان خرۆشا
ھەم لەو سەرەدا سەییدی غالیب
فەرمووی بە مامی بە ئەبووتالیب
ئەو پەیمان نامەی کە زوو نووسراوە
لە ماڵی کەعبە ھەڵاوەسراوە
وەحی خودایی لەبۆم ھاتووە
کرمی مۆرانە ھەمووی خواردووە
مەگەر لەفزێکی کە موقەددەس بێ
عینوانی ناوی خودای ئەقدەس بێ
کە ئەمیە لێ بیست مامی بە تەکان
ھات لەبۆ مەککە و فەرمووی بە خزمان
موحەممەد ئەڵێ ئەو پەیمان نامە
چونکە ئەساسی لەسەر حەرامە
ھەمووی خوراوە مەگەر ناوی پاک
لەبەر حورمەتی خودای تەنیای تاک
بڕۆن لە کەعبە تەحقیقێ بکەن
ئەگەر وەھا بوو تەسدیقی بکەن
ئیتر لابدەن لە ستەمکاری
دەست بەردار ببن لە دڵئازاری
حەیفە کە سیلەی ڕەحمی خزم و خوێش
ببٌی بە جەفا و جەور و سزا و ئێش
ئەگەر وا نەبوو من لەگەڵ ئێوەم
نادووم لەگەڵیا قەت بە دوو لێوەم
کە تاقێقیان کرد حاڵی بوون سەرجەم
واقیع وەھا بوو، بێ زیاد و کەم

پەراوێز edit