ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
١٨. ھاتنەوەی خزمانی حەزرەت ﷺ بۆ شاری مەککەی موکەڕڕەمە
ئینجا ڕێ کەوتن بۆ سوڵح و نەرمی
خزمان ھاتنەوە زۆر بە دڵ گەرمی
لەم بەینا ڕۆژێ شاھی ڕیسالەت
سوورەی «والنّجم»ی ئەکرد تیلاوەت
کە خوێندنەوەی ھەمووی تەواو کرد
سوجدەی تەعزیمی لەبۆ خودا برد
کافرەکانیش ھەموو بە سەرجەم
سەر بە سوجدە بوون بۆ خودای عالەم
وەزعی ئەم سوجدە گەیشت بە وڵات
ھەر لە خۆر نشین ھەتا خۆرھەڵات
ئەو ئەسحابانە کە لە حەبەش بوون
بەم دەنگوباسە گەلێ دڵخۆش بوون
وایان ئەزانی فەوتاوە ئیشراک
ھەموو مل کەچ بوون لەبۆ خودای تاک
گشتیان ھاتنەوە بە شەوق و عوشرەت
لەبۆ بینینی دیداری حەزرەت
بەڵێ ھاتنەوە، گەیشتن بە یار
بە دەوای دەردی دەروونی بیمار
گەلێ دڵشاد بوون بە لیقای حەزرەت
لاچوو لە دڵیان غوباری غوربەت
ئەمما حاڵی بوون کە ئەھلی مەککە
دڵیان لە قارا پڕە لە لەککە
ناچار لە ترسی کوففاری ناشی
ڕۆیشتنەوە بۆلای نەجاشی
ھەژدە ژن لەگەڵ سێسەد و ھەشتا
پیاوی موبارەک لەم سەیر و گەشتا
لە جاران چاتر بێ خیلاف و غەش
ئیکرامی گرتن پادشای حەبەش
ڕەحمەتی لێ بێ زۆر بە ویجدان بوو
بۆیە نائیلی نووری ئیمان بوو

پەراوێز edit