ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
١٥٣. ئەو نوێژانە کە سوننەتن
لەسەر دوو بەشن نوێژانی سوننەت
لە بەشێکیانا ھەیە جەماعەت
بەیانیان ئەکەم بە نەھجی پایە
لەسەر فەرموودەی ئەھلی دیرایە
دوو ڕکات جەژنی ڕەمەزان و قوربان
بەینی ئیشراق و زەوال بە میزان
پاش ئەوان نوێژی کسووف و خسووف
دوو ڕکات نوێژن بە شێوەی مەعرووف
لە ھەر ڕکاتێ ھەیە دوو قیام
بۆ دوو فاتیحە، دوو ڕکووع تەمام
نوێژی ئیتیسقا بۆ داوای باران
دوو ڕکات نوێژە بە شەرت و ئەرکان
لەپاش ئەمانە دوو خوتبەی زەریف
بخوێنێتەوە خەتیبی شەریف
جا نوێژی وەتری بە قەدر و میزان
پاش تەراوێحی مانگی ڕەمەزان
یەک و سێ و پێنج و حەوت و نۆ و یازدە
دوو دوو تەحیات و سەلامی ساز دە
ڕکاتی ئاخر تەحیات و سەلام
ئەم شێوە باشە بە شەرعی ئیسلام
ئینجا تەراویح پاش عیشا تەمام
بیست ڕکات دوو دوو، تەحیات و سەلام
***
بۆ قیسمی دووھەم جەماعەت نییە
بەوێنەی «ضُحي»ی ساحێب مەزییە
لەپاش ئیشراقە تا وەختی زەوال
دوو ڕکات تا ھەشت بە قەدر و ئیجلال
جا نوێژی ئیحرام، جا نوێژی تەواف
دوو ڕکات نوێژی بێشوبھە و خیلاف
ئەمجارە نوێژی تەحییەی مەسجید
لە نێو مزگەوت و ڕەحبەی مەساجید
ئەمجارە نوێژی «سنّة الوضوء»
کە دەسنوێژت گرت بەجێی بێنە زوو
دوو ڕکات لە ماڵا کاتێ چوویتە دەر
چ بۆ سەفەر بێ و چ غەیری سەفەر
کە ھاتیتەوە لە سەیری سەفەر
دوو ڕکات لە مزگەوت باشە و موعتەبەر
لە بەینی وەختی مەغریب و عیشا
نوێژی ئەووابین وەختیەتی برا
لە دوو ڕکاتە ھەتا بیست ڕکات
بەپێی ئارەزووی ئەوکەسەی ئەیکات
نوێژی «تهجّد» یا «صلاة اللّيل»
پاش بەعزێ نووستن بە ڕەغبەت و مەیل
ھەم سوننەتە نوێژ بۆ ئیستیخارە
یانێ داوای خێر لەو خەبەردارە
«صلاة الحاجە» بۆ دەفعی حاجات
دوو تا دوانزەیە، ئینجا موناجات
زۆر خێری ھەیە «صلاة التّسبيح»
لە ھەر ڕکاتێ حەفتا و پێنج تەسبیح
لەپاش فاتیحە و سوورەتێ قورئان
پانزە جار تەسبیح بۆ خودای مەننان
دە لە ڕکووعا، دە لە ئیعتیدال
ھەر سوجدەیێ دە، بێغەم و مەلال
دە لە جلووسی مابەینی ئەوان
دە بۆ دانیشتن لەپاش سوجدەکان
چوار ڕکات نوێژە ڕۆژ بە یەک سەلام
شەو بە دوو سەلام بگات بە خیتام
بۆ وەتری غەیری مانگی ڕەمەزان
جەماعەت نییە بە شەرعی یەزدان
ھەروا ڕەواتیب خێریان دیارە
بۆت بەیان بکەم لەسەر ژمارە
دوو پێش بەیانی و پێش نیوەڕۆ چوار
لەپاش نیوەڕۆیش چوارن بە قەرار
چوار بەر لە عەسر و دوو بەر لە مەغریب
دوو لەپاش مەغریب ئەی برای تالیب
لە بەر و دوای عیشادا دوو دوو
ژمارەی ئەمانە گەییە بیست و دوو
***
موئەککەد لەناو قیسمی ڕەواتیب
خێریان زۆرترە بە چەن مەراتیب
دوو بەر لە سوبح و پێش نیوەڕۆ دوو
پاش ئەو و عیشا و مەغریبیش دوو دوو
پاش ڕوتبەی وەترە ڕاتیبەی سەحەر
جا ھەشتەکەیتر بگرە بە نەزەر

پەراوێز edit