ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
١٤. دەعوەت کردن بۆ دینی ئیسلام بە ئاشکرا
نازڵ بوو «فَاصْدَعْ بِما تُؤْمَرُ»
ئەمری دەعوەت ھات جەھری و ڕووبەڕوو
حەزرەت دەستی کرد بە دەعوەتی عام
بێ پەردە و پەنا بۆ دینی ئیسلام
ئینجا کافرەکان کەوتنە تەکان
بۆ ئەزیەت دانی موسوڵمانەکان
بە جنێو بە لێدان بە تانە و تەحقیر
بە بەھانەی پووچ بە مەکر و تەزویر
دوو ساڵ بەم ڕەنگە بە ڕۆژ و بە شەو
ئیسراحەت نەبوو مەگەر وەختی خەو
ساڵی پێنج ڕۆیشت، شەشەم کەوتە دەر
نیشانەی بەرزی ئیسلام کەوتە دەر
ساڵی شەشەم ھات بۆ دەورەی نەبی
نیشانەی بەرزی ئیسلام ھاتە دی
ئیمانی ھێنا بە خودای ئەکبەر
میر حەمزەی دلێر مامی پێغەمبەر
ھەم پاڕایەوە حەزرەتی سەروەر
کە ئیسلام ببێ یەک لە دوو عومەر
یا «ئەبولحەکەم» یا «ئیبنی خەتاب»
وەربگرن دین و ئەحکامی کیتاب
ئەو لەبەر حەسەد دەرچوو بە نائەھل
لە «بولحەکەم»ی بوو بە «ئەبووجەھل»
ئەم لەبەر شەرەف ڕووی کردە کەماڵ
گەڕا بە فارۆق بۆ حەق و بەتاڵ
سێ ڕۆژ پاش حەمزە نایل بوو بە دین
بە ئیمانی ئەو ئیسلام کەوتە تین
شیری خۆی ھەڵگرت بە وێنەی مەردان
وتی کێ مەردە با بێتە مەیدان
ھەتاکوو ژنی بێشوو بخەوێ
مناڵی وردی ھەتیو بکەوێ
ئەوا من دەرچووم لە بت پەرستی
لە پڕ و پووچ و ڕەوشتی پەستی
ھەرکەس ھۆشی بێ و بڕوانێ تاوێ
ئەزانێ خودا شەریکی ناوێ
جا نەخوازەڵا بەردێکی بێدەنگ
بۆ خۆت بیتاشی بە نووکی قوڵەنگ
ئەگەر تۆ بۆ خۆت نەبی بە خێوی
پیا ھەڵئەمیزێ چەقەڵ و ڕێوی
کە ئەمیانە بیست کوففاری مەککە
ھەموو بە جارێ کەوتنە ھەلەکە
بە وێنەی مەنجەڵ دڵیان ھاتە جۆش
بۆ شەڕ و ئاشووب بوون بە زرێپۆش
ڕاسە ھەر سەرێ بە ھەوا چاخە
دەماخی وێنەی بەردی چەخماخە
پۆڵای حەقیقەت ئەگەر لێی بدا
بە ھەموو لادا پرشنگ ھەڵ ئەدا
ئاگری فەساد ھەڵئەگیرسێنێ
تا تۆڵەی ناحەق لە حەق ئەستێنێ

پەراوێز edit