ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
١٣. نزوولی وەحی لە پاش موددەی سێ ساڵ
لەپاش ئەم موددە، ڕۆژێ لە حەرا
ھاتە خوارەوە شای ڕوخسار چرا
لەوێ جوبرەئیل دەرکەوتەوە بۆی
لەسەر ھەیئەتی بە ھەیبەتی خۆی
بەم مولاقاتە زۆر بە پەشێوی
بە زەردی ڕەنگ و بە باری لێوی
بە ھەر حاڵێ بوو ھاتەوە بۆ ماڵ
جا دایان پۆشی بۆ تەسکینی حاڵ
لەم داپۆشینا جیبریلی ناسیر
نازڵ بوو لەگەڵ سورەی «مُدّثِّر»
پاش ئەمە حەزرەت بە ھێز و بە تین
خەلقی بانگ ئەکرد بۆ دین و ئایین
لەبۆ ناسینی خودای تەنھا و تاک
بۆ باوەڕی پاک، بۆ کردەوەی چاک
لەبۆ سیلەی ڕەحم، بۆ میھرەبانی
لەبۆ ڕەوشتی بەرزی ئینسانی
بۆ سەخا و بەخشش، بۆ داوێن پاکی
بۆ تێگەیشتن، بۆ دڵ ڕووناکی
لەبۆ دڵسۆزی، بۆ شەرم و وەفا
بۆ پەیمانداری، بۆ سیدق و سەفا
جا ئەھلی مەککە و بادییەی ئەتراف
ھەرکەس تاڵب بوو لەبۆ ڕێگەی ساف
یەک یەک و دوو دوو ئەھاتن بۆلای
بۆ دینی ئیسلام ئەچوونە پەنای
بەر لە ھەموو کەس خەدیجە و سددیق
پاش ئەوان عەلی، ھەم زەیدی عەتیق
بیلال، «ام الفضل» ساحێب ھۆش و زەین
ئەمجارە ئەسما «ذات النّطاقين»
عوسمان و زوبەیر ھەم عەبدوڕەحمان
ھەم سەعد و تەلحە گەیین بە ئیمان
ئەبووعوبەیدە وەلەدی جەڕڕاح
ئەبووسەلەمەی بە سیدق و سەڵاح
ئەمجار ئەڕقەمەی مەخزوومی نەسەب
پایە بوڵەندی ڕەوشت و حەسەب
کوڕانی مەزعوون ھەرسێ بە سەرجەم
عوسمان، عەبدوڵڵا، قەدامەی ئەکڕەم
ھەم ئیبنو حاریس، عوبەیدەی پەسەند
بە دین گەیشتن بە ڕوتبەی بوڵەند
سەعید کوڕی زەید، لەگەڵ عەیالی
فاتیمەی خەتتاب مەرتەبە عالی
ھەموو فائیز بوون بە دینی ئیسلام
ڕازی بێ لەوان عەلیمی عەللام
دەعوەتی حەزرەت بۆ دینی ئیسلام
گەلێ پەنھان بوو لەم بەینا لە عام
ئەوانەیش بە دین موکەڕڕەم ئەبوون
«سِرّا» لە ماڵی ئەڕقەم جەم ئەبوون

پەراوێز edit