ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
١٢. ئەساسی پێغەمبەرێتی حەزرەت ﷺ
چرای دین لە نێو دڵیا ھەڵکرا
بۆ ئەم جیھانە بوو بە چلچرا
شەش مانگ وەحی حەق ڕوئیای سادق بوو
ھەرچی ئەیبینی زۆر موافق بوو
لەپاش ئەو موددە بە لوتفی مەننان
ڕۆژی دووشەممەی حەثدەی ڕەمەزان
جیبریل ھاتە لای لە غاری حەرا
فەرمووی بخوێنە ئەی ڕوخسار چرا
فەرمووی قاری نیم، جوبریل بە ئازار
وشاردی و فەرمووی: بخوێنە ئەمجار
عوزری ھێناوە بە وێنەی سابیق
وشاردییەوە جیبریلی فایق
فەرمووی: بخوێنە ئەی ساحێب تەمکین
فەرمووی: من ئوممیم بێ خەت و نووسین
جا وشاردییەوە جیبریلی ئەکڕەم
خوێندیەوە «إِقْرَأْ» تا «ما لَمْ يَعْلَمْ»
کە جیبریل ون بوو، حەزرەت بە دەھشەت
ھاتەوە بۆ ماڵ بە ترس و وەحشەت
فەرمووی: دام پۆشن، کە دایان پۆشی
لەپاش سەعاتێ ڕووی کردە خۆشی
بەیانی فەرموو لەلای خەدیجە
وەزعی خۆی ئەووەڵ، ھەتا نەتیجە
فەرمووی پەرۆشم لە وەزع و حاڵم
چیم بەسەرابێ و چۆن بێ مەئالم
خەدیجەی زانا، بە ھۆش و زانست
فەرمووی موژدەبێ ئەی ڕاستی پەرست
لە ھەردوو دونیا ساحێب حورمەتی
بۆ ھەموو عالەم مایەی ڕەحمەتی
ئەتۆ مەردێکی بەرز و بەھرەمەند
ساحێبی بیر و کردەوەی پەسەند
ئینسانێ وابێ ھەرگیز ناکەوێ
بەرزی وەھابێ، قەت دانانەوێ
جا بردی بۆلای وەرەقەی جەلیل
دانای مەزموونی تەوڕات و ئینجیل
پاش بەیاناتی حەزرەتی بەشیر
جوابی دایەوە وەرەقەی خەبیر
فەرمووی بە قوربان ئەو زاتە جوانە
لە مەلائیکەی موقەڕڕەبانە
فریشتەیێکە بۆ دین دەلیلە
ناوی مەشھوورە، کە جوبرەئیلە
ئەمینی وەحیە بۆ پێغەمبەران
کاتێ لای بەشەر ڕەوانە کران
ئەو فریشتەیە ھێناویە ئەوسا
تەوڕات و ئینجیل بۆ مووسا و عیسا
ھاتووە بۆلای تۆیش بە ئەمری خودا
چوون ئادەمیزاد گشت وان لە خەودا
کەلامی خودات بۆ نازڵ ئەکا
میعراجی خێرت بۆ حاسڵ ئەکا
ئەبی بە ڕەھبەر بۆ جینن و بەشەر
ڕوو بکەن لە خەیر، لا بدەن لە شەڕ
جا شۆڕش ئەکەن لەم سەر تا ئەوسەر
بۆت پەیدا ئەکەن ھەزار دەردی سەر
بە زەمم و ئازار، بە ڕەخنە و لەکە
ھەتا دەرئەچی لە شاری مەککە
ئاخ لەو سەردەما بەر حەیات ئەبووم
گەنج و بەھێز و دەسەڵات ئەبووم
ھەوڵم بدایێ بۆ حورمەتی تۆ
تێکۆشیمایێ بۆ خزمەتی تۆ
جا حەزرەت فەرمووی: چۆن عەشرەتی من
ئەبن بە مایە بۆ حەسرەتی من! ؟
من خارج ئەکەن لە وەتەنی خۆم! ؟
کزی و غەریبی ڕەوا ئێرن بۆم! ؟
پێی فەرموو: بەڵێ دونیا ھەر وایە
عالەم دوژمنە بۆ ساحێب پایە
جا نەخوازەڵا پایەی ئەنبیا
لەوە بوڵەندتر نییە لە دونیا
لەپاش ئەم وەزعە ھەتاکوو سێ ساڵ
ھیچ ئایەت نەھات بۆ شای پڕ کەماڵ
فەقەت جوبرەئیل بۆ سەبووری ئەو
خۆی نیشان ئەدا جارجار بە پڕتەو

پەراوێز edit