ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
١١. وەختی تەعمیر کردنەوەی تایفەی قوڕەیش بۆ کەعبە
عومری سی و پێنج بوو کە قوڕەیش سەرجەم
کەوتنە تەعمیری کەعبەی موعەززەم
لەسەر دانانی «حَجَرُالأَسوَد»
کەوتنە شۆڕش، بێ سامان و حەد
ھەموو حەزرەتیان کرد بە حەکەمیان
تا ئەو ئاشووبە لابا لەسەریان
وەھا حوکمی دا شاھی شەرەفناک
دایان نا لەناو بەرماڵێکی پاک
بەرماڵەکەیان ھەڵگرت بە کۆمەڵ
لەجێی خۆی دانا سەییدی ئەکمەل
دەفعی کرد لەوان شەڕ و بێعەرزی
خۆیشی گەیشتە مەرتەبەی بەرزی
لەو تاریخەوە کەوتە سەر خەیاڵ
کەوتە سەر فیکری خوای «ذُوالجَلال»
چۆن ئەبێ دونیا بێسەر و سامان
بێساحێب نابێ سەفحەی ئاسمان
ئەم ڕۆژ و مانگ و ئەستێرەی گەشە
ئەم سەر سوبحەینێی سەد نەشئە بەخشە
ئەم با و ئەم ھەورە، ئەم گشت بارانە
ئەم چەشمەی ڕەوان، ئەم جۆبارانە
ئەم دەشت و سارای زومڕووتی پۆشە
ئەم کێوی بەرزی سەد ھەوا نۆشە
چۆن ئەم سامانە بێساحێب ئەبێ؟
بێ حوکمڕان و مەراقیب ئەبێ
بەردێ یا دارێ ناشی بیتاشێ
بۆ حوکمڕانی ئەم دونیا ناشێ
بە ھەناسەیێ کەسێ بتاسێ
چۆن خۆی بە گەورەی عالەم ئەناسێ
جیھاندارێکە لایق بۆ جیھان
یەکسان بێ لەلای ئاشکرا و پەنھان
ھەروا بە خەیاڵ ئەگەیییە فەلەک
بە فیکری نازک ئەگەیییە مەلەک
ھەر ساڵێ مانگێ ئەشکەوتی حەرا
بۆ ئەفکار ئەی کرد بە خەڵوەت سەرا
ڕۆحی پاک ئەکرد لە گشت عەلایق
دڵی چاک ئەکرد بە فیکری لایق
تا بۆی حاسڵ بوو مەرتەبەی کەماڵ
عومری عەزیزی گەیشتە چل ساڵ

پەراوێز edit