سوننەتە سوجدە بۆ جەبری خەلەل
تا دەستت کەوێ سەوابی ئەکمەل
دوو سوجدە وێنەی دوو سوجدەی «صَلاة»
پاش ئەوان فەورەن سەلامە و نەجات
ناویان بە سوجدەی سەھو مەشھوورە
بۆ غەیری سەھویش بوونیان مەزکوورە
ئەم سوجدە ئەبرێ بە شەرعی ئەنوەر
بۆ تەرکی مەئموور یا فیعلی مونکەر
یا شک لە زیادی فیعلێ کراوە
ئەگەر قابیل بێ زیادی لەو ناوە
جا باش گوێ بگرە بۆ شەرح و تەفسیل
ھەرچیت پێ ئەڵێم بیکە بە دەلیل
مەئمووری مەترووک گەر لە ئەرکانە
بەسەر کردنەوەی واجب بزانە
جا ئەگەر ئەوەت بە بیر کەوتەوە
لە پێش وێنەیا ئەگەڕیتەوە
ئەگەرنا کاتێ گەییت بە وێنە
بیکە و گوێ مەدە تۆ بەو مابەینە
لە پێش سەلامیش دوو سوجدە ئەبرێ
جەبری ئەو تەرکە بەم سوجدە ئەکرێ
ئەگەر ئەبعازە ھەر سوجدەی ئەوێ
سەھوەن یا عەمدەن تەرکی ھەڵکەوێ
گەڕانەوەیش بۆی پاش گەیین بە فەرز
عەمدەن موبتیلە حاڵی بە لە دەرز
لاکین بۆ مەئمووم واجبە ئەگەر
بگەڕێتەوە ئیمامی ڕەھبەر
بەم شەرتە بە سەھو بگەڕێتەوە
عەمدەن موبتیلە ئەگەر بێتەوە
سوجدە سوننەتە بۆ فیعلی مەنھی
ئەگەر موبتیل بێ، عەمدی نەک سەھوی
وەک خواردنی کەم بە سەھو و خەتا
یا وەکوو تەتویل بە ڕوکنی کۆتا
وەکوو ئیعتیدال ئەی برای جوان
یا دانیشتنی بەینی سوجدەکان
یاخود تیکراری ڕوکنێ لە ئەفعال
وێنەی ڕکووع و سوجدە و ئیعتیدال
یا ڕوکنی قەولی بگوێزیتەوە
یاخود بە تیکرار بیخوێنیتەوە
ئەو دوو سوجدانە دەوان بۆ دەردی
نەقڵی سەھوی بێ یاخود بە عەمدی
گەر نەقڵی عەمدی لێت نەدا زەرەر
بە وێنەی ڕوکنی «اللّه اكبر»
ھەر فیعلێ سەھو و عەمدی خەتەرە
سوجدەی پێ ناوێ چوون بێسەمەرە
وەکوو کەلامی زۆری خەرافات
چونکی لەبۆ نوێژ ئەبێ بە ئافات
ھەرچیش موتڵەقەن زەرەری نییە
چون بێزەرەرە سوجدەی بۆ چییە
وەکوو ھەنگاوێ یا ئیلتیفاتێ
چونکی زەرەرت بەوە ناگاتێ
کە بەجێت ھێنا ڕوکنێ لە ئەرکان
لاکین کەوتیتە وەسوەسە و گومان
مەسەلەن لەپاش ڕکاتی سێھەم
وتت سێھەمە یاخود چوارەم
ئەبێ ئەو شوبھە لە دڵ دەرێنی
ڕکاتی چوارەم بۆ خۆت بخوێنی
چونکا زیادی بۆ ئەو ڕکعەتە
قابیلە سوجدەی سەھوت سوننەتە
لەمە زیاتر تەفسیل نادرێ
چوون زیھنی مناڵ ھەڵی ناگرێ