ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
١٣١. ئەو شتانەی نوێژ بەتاڵ ئەکەنەوە
ئەوەی مەشھوورە لەبۆت ئەژمێرم
لە «مُبطلات» و بە خوات ئەسپێرم
نوێژ بەتاڵ ئەبێ بە قەتعی نیەت
چونکە ئەساسە لەبۆ عیبادەت
بە فەوتی یەکێ لە شەرتەکانی
وەکوو پیس ببێ جلی یا گیانی
ھەم بە خواردنەوە و خواردنی خۆراک
ھەرچەنە کەم بێ، کاکی دڵ ڕووناک
حەتا قووت بدەی پارچەیێ بەڵغەم
کاتێ کە بگا بە سەرحەددی دەم
ھەم بەتاڵ ئەبێ بە عەمدی کەلام
یا بە حەرفێکی موفید بۆ مەرام
بە ھەر وەزعێکیش لێی پەیدا ببێ
دوو حەرفی ڕۆشن، باش ئاگات لێ بێ
وەکوو ئاخ و ئۆف، ناڵین و گریان
وەک پێکەنین و قاقا، براگیان
یا وەکوو کۆکەی لە عوزر خاڵی
یا فوو یا فیکە بە خووی مناڵی
بەڵام مەعزووری بە «سَبق اللِّسان»
یا کەلامی کەم بە جەھل و نیسیان
تا شەش کەلیمە بە کەم حیسابە
لەوەو ژوور زۆرە و بۆ نوێژ خرابە
زەرەری نییە نوتق بە قورئان
بۆ حاڵی بوونی ئینسانی نەزان
وەکوو «يا يَحْيي خُذِ الْكِتابَ»
یانێ ئەو شتە لەو جێدا لابە
گەر مەقسەدت بێ تۆ لەگەڵ تەفھیم
بخوێنیتەوە قورئانی عەزیم
ھەم زیکر و دوعا نیەتی زەرەر
ئەگەر تیا نەبێ خیتابی بەشەر
ئەو وەکوو «اللّه» یا «سُبْحانَ اللّه»
ئەم وەکوو جوملەی «يَرْحَمُكَ اللّه»
نوێژ بەتاڵ ئەکا ھەڵمەتی نابار
چوون موخالیفە بۆ شێوەی ویقار
ھەم بە سێ جووڵە بە ئەعزای گەورە
بە ئیستیقامەت، یاخود بە دەورە
وەکوو سێ ھەنگاو یا سێ جووڵەی دەست
مەسەل لە نوێژا پشتێنی ئەبەست
نەک بە دوو ھەنگاو یا سێ ناو بە ناو
یا بە جومگەی ورد ئەی ڕووناکی چاو
لێو ببزوێنێ یا چاو ھەڵێنێ
یا بە سەرپەنجە خۆی بخورێنێ
با تەنبیھ بکا ئازانە و سەربەست
پیاو بە تەسبیح و ژن بە چەپڵەی دەست
ڕاخە بەرماڵێ یا دانێ دارێ
تا بە بەردەمتا نەیێ ڕێبوارێ
چونکا نیشانەن لەبۆ شەخسی ژیر
لەم ئادابانە قەت مەکە تەقسیر

پەراوێز edit