قیبلە کەعبەیە «بيت اللّه»ی ئەکڕەم
کە وا لە شاری مەککەی موکەڕڕەم
کەعبەی موعەززەم ئەگەر عەیانە
بۆ خۆت بیزانە و لەبۆی بڕوانە
ئەگەر غایبە بکە ئیعتیبار
بە قسەی کەسێکی عادڵ و ھۆشیار
ئەگەر دەسنەکەوت شەخسێ موعتەبەر
بیدۆزەرەوە بە فیکر و نەزەر
فەقەت میحرابی «سيّد الأنام»
مزگەوتی شار و دێھاتی ئیسلام
ئەبن بە دەلیل بۆ قیبلەی شەرعی
مەکەوەرە دوای خەیاڵی تەبعی
نەوەک بەردەنوێژ لە سەرە ڕێدا
خۆت تەحقیق بکە قیبلە لەو جێدا
دەلیلی قیبلەی بە پایە و ڕوتبە
بۆ وڵاتی ئێمە ئەستێرەی قوتبە
بەڵکوو لە بەغدا ھەتا ھەمەدان
قەزوین و گورگان، تا مازندەران
ھەرکاتێ قیبلەت بینی بە مەتڵووب
بۆ خۆت ڕاوەستە و ڕووبەڕووی جنووب
گەر لە پشتەوە ئەستێرەی جەدی
لەلای ڕاستەوە بە مەیلی ئەتدی
ئەو جەبھە کە تۆ ڕووبەڕووی ئەوی
قیبلەی شەرعییە، موشتەبەە نەوی
بەدەڵی ئەمە قیبلەنومایە
شیمالی قوتبە و قیبلە ئەولایە
مەشریقی زستان، مەغریبی ھاوین
بۆ چەپ و ڕاستت بگرە بە یەقین
ڕووبەڕووی جنووب ڕاوەستە لەبار
ئەوە قیبلەیە بە قەوڵی ئەنوار
ئەگەر بە تەردید کەوتیتە مەلال
ڕوو بکە بۆلای موقتەزای خەیاڵ
کاتێ خەتای خۆت لەبۆ کەوتە دەر
بۆ خەتا قەزات واجبە لەسەر
پێویستە لەبۆ مەردی بێرەشاد
تەقلیدی دانای ساحێب ئیجتیھاد