زامی کۆنم ھاتە سۆ، کۆسێکی تازەم کەوتەوە
با بناڵێنم لەمەولا جا بە دەردی مەوتەوە
گەر قەیاس کەن تالیعی شوومم بە خۆشبەختیی ڕەقیب
ھەر وکوو ماھە بە نیسبەت چاڵی قیر و زەوتەوە
من لە ڕۆژێکۆ گرفتارم بەدەس گەردوونەوە
دایمەن گێڕاومی وەک عەوداڵ لە ڕێگەی چەوتەوە
سینەکەی پڕ ئاگرم جانا لەتاو ھیجرانی ڕووت
دەنگی کرپەی دێت وەکوو ئاگر بە چاوەی نەوتەوە
لێو و خاڵ و زوڵف و ڕوو دیدە و موژە و ئەبرۆیی تۆ
یەک بەیەک بۆ من عەزاب بوون داد بە دەس ھەر حەوتەوە!
لەشکری موژگانی خوێنڕێژت بە گۆشەی نیو نیگا
تیرە بارانم دەکا ھەردەم بە لەنجە و ڕەوتەوە
دڵ بە دەوری شەمعی ڕووتا شەو ھەتا وەختی سەحەر
ھەر وەکوو پەروانە، تا بێ باڵ نەما، نەسرەوتەوە
ئارەزووی سەیرانی باخی حوسنی تۆی کرد دڵ کە چی
بوو بە داوی زوڵفەکەی چینی سیای وەک شەوتەوە
ئاسمان گریا بە ئەحواڵم کە دیی زار و زەلیل
من گرفتارم بەدەس دوو نەرگسی پڕ خەوتەوە
پێچ ئە خۆم وەک مار و ئەتلێمۆ بە ئاخ و داخەوە
ناڵە ناڵم دێ بە دەنگێکی کزی بێ سەوتەوە
نادرێ شەرحی پەشێوی حاڵی زاری شایقت
ئەلویدای ئاخریە زاھیر وا بەسەر ڕێی فەوتەوە