ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٩٢. دەروونی پڕ لە زووخاوم بە تیری تەعنە زامدارە
دەروونی پڕ لە زووخاوم بە تیری تەعنە زامدارە
خوایا سا نەجاتم دەی لەدەس ئەم خەڵقە غەددارە
لە ھەر لایە ڕەقیبێ وەک سەگی ھار دامەنم ئەگرێ
مەگەر باری بدا یاریم، خەلاس بم لەم ھەموو ھارە
لە ھەر سووچێ کە دەمبینن بە ڕق حەملەم کە بۆ دێنن
دەڵێی گشت سەگی برسین ئەچن بۆ لاشە مردارە
لە لایە ئەم ھەموو خەڵقە ڕەقیبن سەیری یاریش کەن
قوسوور ناکات لە بێ ڕەحمی لە حەق ئەم دڵ بریندارە
گەھێ ڕووی خۆی ئە پۆشێ لێم و تا بمرم لە ھیجرانی
گەھێ خۆی دەر دەخات وەک ڕۆژ و جەرگی من ئەکا پارە
بە گۆشەی چاوی بیماری ئیمایەک ئەکا گەھ گەھ
لە شاری سینەما ئیتر سەدای ناڵین و ھاوارە
ئەڵێی سەروی خەرامانە کە دێتە عیشوە و لەنجە
قەسەم بەخوا پەریش وەک ئەو نییە ھێندە بە ڕەفتارە
ئەگەر حۆری ببینێ ڕوومەتی ئەو شۆخە بێ شوبھە
لە ڕووی ھەڵنایە خۆی دەر خا لەبەر ئەم تازە مەھپارە
ئیتر من چۆن ئەبێ بۆی شێت نەبم؟ ! مەنعم مەکەن یاران
کە شێخیش شێت ئەکا عیشوەی دەروونی بۆ ئەکا پارە
بە سیحری گۆشەیی چاوی دڵی خستوومە ناو داوی
چ داوێ داوی دوو زوڵفی کە وەک دوو دانە ڕەشمارە
بەڵێ شاھۆ ئەسیری بەندی دوو زنجیری گێسووتە
دەسا تۆ بی و خوا ڕەحمێ کە بە ئەم مەحبووسە بێچارە

پەراوێز edit