ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٩. بەھارە خۆشی کەژ و کۆسارە
بەھارە خۆشی کەژ و کۆسارە
کاتی ژیانەوەی درەخت و دارە
چرۆ و ھەراڵەی نوێ دیارە
جەژنی سەوزە گیا و باخ و گوڵزارە
شنۆی بای وادەی نەسیمی نەورۆز
بەفری کوێستانی کرد بە تەپ و تۆز
شریخەی ڕەعد و بەرقی جگەر سۆز
نە زوستانی ھێشت، نە بەردەلعەجوز
شاخ و کێو و شیو، سەحرا و دەشت و دەر
بێستون شاھۆ، کێوی ئاویدەر
گەلی باو و قەندیل گوێژە و ئەزمەڕ
بەرگی نەورۆزیان تەواو کردە بەر
سەحرا گوڵ گوڵە بە لالەی ڕەنگین
بە شەوبۆ و نەرگس گوڵ مینا و نەسرین
ڕێحانە و گوڵباخ گوڵاڵەی نەخشین
وەنەوشە و لەولاو بەڕەزای شیرین
سوورە ھەراڵەی بۆن خۆش و چنوور
گوڵ و گوڵ خونچەی ئاڵ و زەرد و سوور
گوڵ زەمەق، مێخەک، ھێرۆی ھەزار جۆر
ھەڕاڵەبەرەم خەمباری سەرشۆڕ
قاسپەقاسپی کەو ئاوازەی بوڵبوڵ
بانگی یاکەریم، قومری خاڵ لە مل
دەنگی پۆڕ سەدای چۆلەکەی سەر چڵ
ھەر یەک تەئسیرێ ئەکەنە سەر دڵ
حیلەی جوانوو چارەوێی زک پڕ
بۆڕەی گا باڕەی کار و بەرخ و مەڕ
قووقەی کەڵەشێر جروەی پەلەوەر
شەقە دەنووکی لەق لەق و سەرگەڕ
نەورۆزی دونیا ھەر ھاتوچۆیە
وەختێ ھاتەوە ھەر وەکوو خۆیە
تەنیا نە بۆ من نە ھەر بۆ تۆیە
شێتە ئەو کەسەی بۆی ڕەنجەڕۆیە
ئەمانە ھەر یەک بۆ ئینسانی ژیر
جۆرە فیکرێکی ئەھێنێتە بیر
بەشەر سەرسامە چ جوان و چ پیر
لەم کردەوانەی یەزدانی قەدیر
ئەم کائیناتە بەبێ چەند و چوون
بەبێ ھەندەسە و خەریتە و فنوون
بە پێی ئەمرەکەی فەوری «کاف و نون»
لە نەبوونەوە ھێناویەتە بوون
شاھۆ زبان و خەیاڵ و قەڵەم
عاجیزن تەواو بە نووسین و دەم
لە باسی کونھی خوای بێ ھاودەم
ھەتاکوو ماوم سوپاسی ئەکەم

پەراوێز edit