ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٨٥. خزمینە ئێستە فورسەتە وەختی برایییە
خزمینە ئێستە فورسەتە وەختی برایییە
کەی مەوسەمی خراپە و جەنگ و جیایییە!
ڕابردوو ناگەڕێتەوە باسی دروست نییە
ھەر کەس کە بیری کۆنە بکات، ڕایی ڕایییە
بوختان و دووزمانی و دووڕوویی و نیفاق
ھەر کەس کە کردی عاقیبەتی ڕووسیایییە
تینوو بەخوێنی کەللەیی یەکتر، جەھالەتە
دەرحەق بەیەک خراپە دوین، بێ حەیایییە
خۆی چۆن بێ ھەر چی کەس وەکوو خۆی تێ ئەگا لە خەڵق
ئەو کردەوەی بەدە ئەو بوویە زۆر ناڕەوایییە
دەرکەن لەناو خەزینەیی فیکرا خەیاڵی بەد
لادەن لەسەر سەحیفەیی دڵ بەد جێی سیایییە
تاریکە ناو دەروونی ھەموو کوردێکی تاڵە شووم
بەسرا لە کوردەواری ئەوەی ڕۆشنایییە
چاکەت بزانە ھیچە لەبەر چاوی دوژمنان
چی بۆ بکەی لە چاکە لە لای ئەو ڕیایییە
شاھۆ بە ماڵ و ڕۆح و سەری تا ئەچێتە گۆڕ
بۆ پاسی زێد و خزمەتی قەومی فیدایییە

پەراوێز edit