ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٨٣. بە نێشی چەرخی دوون پەروەر دەروون زامدارە و خوێنینە
بە نێشی چەرخی دوون پەروەر دەروون زامدار و خوێنینە
لەتاوانا دڵی زارم ھەمیشە مات و غەمگینە
لە چاوەی چاوەکانی من بەخوڕ دێ ئەشکی ڕەنگاوڕەنگ
تەماشای دەور و پشتم کە ھەمووی وەک لالە ڕەنگینە
لە کرپەی ئاگری تیژی بەتاوی جەرگی سووتاوم
لە سۆبەی سینەما وێنەی بڵێسەی ناری سججینە
تەپوو دووی دوکەڵی ئاھم بەڕووی گەردوونەوە گشتی
لە تەئسیری خراپی چەرخی کەچ ڕەفتاری بێ دینە
بەسەر شاخی شیمالا ئەم تەم وتۆزەی کە ئەیبینی
ھەمووی سۆزی دەروونی دایکی شۆخی کوردی میسکینە
لەبەر شوومی ھەسێرەی تالیعی ئەولادی ناکامی
بەش و پیشەی ھەمیشە ئاھی سەردە دەردە ناڵینە
لە تەئسیری ھەناسە و سۆزی ئەو خەمبارە بنواڕە
ھەوا گۆڕاوە گاھێ زەمھەریرە گاھێ ھاوینە
بە زیارەت چوومە لای، ویستم بزانم چۆنە ئەحواڵی
تەماشام کرد زویرە کەوتووە، لاوازە، بێ تینە
پەڕیوە ڕەنگ و شێوەی ڕوومەتی گوڵ ڕەنگی نایابی
وەکوو گوڵنارێ دوو لێووی کە وێنەی ڕەنگی نەسرینە
دوو چاوی مەستی جوانی وەک ھەسێرەی بەر بەیانانی
لەبەر جۆش و کوڵی سینەی ھەمیشە پڕ لە ئەسرینە
بەڕاستی ئاگرم تێ چوو، دڵم بۆی ھاتە کوڵ گریام
کە دیم بێ نازە وا بەم وێنە ئەو دایکە نەخشینە
گوتم باوانی خاسم پێم بڵێ بۆچ وایە ئەحواڵت؟
لەبەر چی گیانەکەم شێواوە وا ئەو شێوە شیرینە؟
گوتی ڕۆڵەم گرفتاری دەستی غەدداری بێگانەم
ھەتا ئەم ڕۆژە وا بێ زەحمەتە بۆ ئێمە ئەم ژینە
لە سایەی کردەوەی ئێوەیشەوە گیرۆدەیی دەردم
خەمم قووت و شەرابم ئەشک و دڕکم فەرش و بالینە
گوتم سووچمان چییە؟ بیفەرموو تا تەرکی بکەین، فەرمووی:
خەتاتان خۆ پەسندی و دوژمن و بێگانە ناسینە
سڕی یەکتر وتن لای ناحەز و فیشاڵی بێ مانا
خراپە و دوژمنی ناوخۆیەتی و یەکتر نەناسینە
لەگەڵ یەکتر خراپن دوژمنی ناوخۆن و خۆ خۆرن
لەمانەش زۆر خراپتر ڕۆڵە گیان دڵسۆز نەناسینە
تەمەع ئەوەڵ، نیفاق دوو، دوژمنی ناوخۆ سێیەم دیسان
تەکەبور چوار، حەسەد پێنجەم، شەشەم یەکتر نەناسینە
لەگەڵ یەکتر ھەموو ئەولادەکانم کەم موبالاتن
لەمانەش زۆر خراپتر ڕۆڵە گیان جەھل و نەزانینە
خراپن خۆ فرۆشن خزمەتی گیرفان ئەکەن دائیم
نە دڵسۆزێ گەلی کوردن نە فیکرێکتان لەلای دینە
بەقەد شاھۆ خەفەتبارە لەسەر شان و دڵ و ئەستۆم
نەخۆشی کردەوەی ئێوەم کە دەمبینن بە ئەم وێنە
کە دوژمن وا نیھادی پێس و ئێوەش وەک وتم وا بن
نەسیبی ئێمە شاھۆ شیوەن و خۆشی نەبینینە

پەراوێز edit