باز لەتاو ھیجرانی یارم ئارەزووی گریانمە
مەیلی واوەیلا و ڕۆڕۆ و ناڵە و ئەفغانمە
وێڵ و سەرگەردان و مەبھووت و حەزین و دەربەدەر
ھێندە خەمبارم ئەم ئێستا عەینی قوڕ پێوانمە
دوور لە یارم، بێ کەسم، بێ موونس و سەحرانەوەرد
ھەر وەکوو مەجنوونی لەیلا، شەوقی سەر کێوانمە
وەختە لەت لەت بێ بە جارێ دڵ لەتاو ئێشی قیراق
وەختە لێکۆ بن بە جارێ ھەرچی ئەعزای گیانمە
گیان لە پەروازایە بۆ دەرچوون لە حەلقەی سینەما
یار لە کوێ بێ بێتە لام وا وەختی گیان کێشانمە
غەرغەرەی سەر سینەم و سوستیی حەواسم شاھیدن
مەوسمی مردنمە ئەمشەو ئاخری قەیرانمە
ئەی ڕەفیقان مەبنە سەربارم بە لۆمە و مەوعیزە
لێم گەڕێن بۆ خۆم ڕەحەت بم، وا ئەجەل میوانمە
من کە زامداری نیگاھی نازی چاوی دوڵبەرم
شەربەتی لێوی نیگارم مەرھەمی زامانمە
جەستەکەی خەستەی زەلیلم وا کە گیانی تیا نییە
جوانە مەرگی تیری عەشقی شۆخەکەی دەورانمە
ھێند ھیلاک و دەردناک و سینەچاک و عاجزم
زەحمەتە قوربان خەلاس بم دەردی بێ دەرمانمە
خوێنی جەرگ و دڵ کە وا ئەتکێ لە دیدەی شایقت
بۆ حیساباتی قیامەت شاھیدی دیوانمە