ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٨١. باز دڵەی کۆس کەوتەکەم وا مەیلی گریانی ھەیە
باز دڵەی کۆس کەوتەکەم وا مەیلی گریانی ھەیە
ئارەزووی زەخمی خەدەنگی تیری موژگانی ھەیە
وا بەکوڵ گریا کە ڕووناکی لە دیدەی خۆی بڕی
ھەر دەڵێی یەعقوبە شینی ماھی کەنعانە ھەیە
گەە لەبەر جەور و جەفای یاری لەگیان بێزار ئەبێ
گاھ ترسی مەکر و تەلبیسی ڕەقیبانی ھەیە
دەردی دڵ ھەر کەس کە تووشی بوو عیلاجی زەحمەتە
ئێشی ناز و نێشی مەرگ و بیمی فەوتانی ھەیە
کوشتمی یارم بەڵام بۆ ئاخری نادیم ئەبێ
چونکە کوشتن بێ گونا، بێ شک پەشیمانی ھەیە
جەرگ و دڵ بۆ چی نیشانەی تیری موژگانی دەکا؟
پێی بڵێن ئێوە و خوا ئەم نێشە ئێشانی ھەیە
شەھریارە دوڵبەرم بۆیە لە ئەبرۆ و زوڵف و ڕوو
ڕۆژ و شەو تیر و کەمان، شێر و زیندانی ھەیە
دوڵبەری خەڵقی وەکوو ئەستێرەن و لەیلای من
تەلعەتی خورشید و شوعلەی ماھی تابانی ھەیە
ھەر کەسێ مەشغوڵی عەیش و عوشرەتە و جەژنی ویساڵ
شایقی بێکەس بەدائیم دەردی ھیجرانی ھەیە

پەراوێز edit