یا خوا ھیچ کەس وەکوو من شێت و ماڵ وێران نەبێ
عاجز و مات و پەشێو و دیدە پڕ گریان نەبێ
خوێنی گەش ئەڕوا لە ئەندامم ئەوەند پێکرام بە تیر
کافریش جەستەی وەکوو من کون کونی تیران نەبێ
ئاگری تێ چوو دەروونم وەختە ببمە کۆی زوخاڵ
دوژمنیشم وا دەروونی سۆختە و بوریان نەبێ
بۆ پڕووزی جەرگ و دوودی ئاھ و ناڵە و شیوەنم
عالەمی پڕ کرد، ئیلاھی! کەس وەھا ناڵان نەبێ
دەردی بێ دەرمانی من زەحمەت شیفای بۆ بێ ئەبەد
یا خودا ھیچ کەس وەکوو من دەردی بێ دەرمان نەبێ
مردم و چۆقەی ڕەشم کرد تۆزێ ڕەحمی پێم نەھات
ھیچ کەسێ یا ڕەب وەھا بەدبەخت و سەرگەردان نەبێ
کوشتمی ئاخر بە نووکی نێشی شومشێر و برۆی
ئەرمەنیش وەک من نەچیری شۆخی بێ ئامان نەبێ
بەسیە! بەس شیوەن کە شایق ڕۆژی دیوانی خودا
موشکلێ نامێنێ لەو ڕۆژا کە وا ئاسان نەبێ