ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٧٢. جاڕ ئەکێشم من ئەڵێم کوردم بە دڵ کوردم ئەوێ
جاڕ ئەکێشم من ئەڵێم کوردم بە دڵ کوردم ئەوێ
کوردی چۆن؟ کوردێکی ساغی بێ غەشی مەردم ئەوێ
بێ فڕ و فێڵ کورد پەرستێکی جەوان، مەردم ئەوێ
جان فیداێیکی، دلێری سافی بێ گەردم ئەوێ
دڵ پەرۆشێکی وەتەن کوردێکی ھاودەردم ئەوێ
نامەوێ کوردێک بە خوێنی کوردەکان بازی بکا
خۆی لە خۆی زوو زوو بگۆڕێ فیز و شانازی بکا
بۆ وەتەن چاکەی نەوێت بێگانەکان ڕازی بکا
پەیڕەوی بیری خراپی گۆمەڵی نازی بکا
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ
ھەرچی ناوی تاقە کوردێکی لەلای بێگانە برد
یا لە خۆوە خووی خراپێکی لەحەق ھاوخوێنێ کرد
یا کە ھاتوو کوردەکانی بۆ ئەم و ئەو کردە پرد
واجبە مێشکی بکەیتە تووتیا یا ئاردی ورد
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ
کورد یەکێکن فەرقی کوردی ژوور و خواری بۆ نییە
فەرقی کوردی کۆچەری و دێھات و شاری بۆ نییە
فەرقی کوردی دەشتەکی و ناوشاخ و داری بۆ نییە
ھەر کەسێ فەرقی بکات ھیچ ئیعتیباری بۆ نییە
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ
کورد ئەبێ دایم تەماشای بنج و بونیادی بکا
سەیری بنچینەی ئەساسی زێد و ئەجدادی بکا
بیر لە ئیشی پاشەڕۆژی کورد و ئەولادی بکا
نەک بە تەنیا مەرحەبایەک پشت لە ئەجدادی بکا
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ
شایەقم من بۆ ئەوەی کوردان لەگەڵ یەک بن ھەموو
یەک دڵ و یەک تاقم و یەک کۆمەڵ و یەک بن ھەموو
وەک برایەکی بەڕاستی دەس لەمل یەک بن ھەموو
نەک لەبەر نەفعێکی عادی دوژمنی یەک بن ھەموو
نامەوێ کوردێکی وا کوردێکی ھاودەردم ئەوێ

پەراوێز edit