بۆ حوسن و خوڵق و جوانی وەک یاری خۆم نیگارێ
زۆر جێ گەڕام و نەمدی ئەسڵەن لە ھیچ دیارێ
عیراق و شام و لوبنان، تەواوی خاکی تورکان
شار شاری میسر و یۆنان، تا قیبرس و مەجارێ
ناسک نەمامی تازەی، ئەڵمان و ڕووس و ژاپۆن
بوڵغار و سورب و ئەفغان، تا لەندەنی و تەتارێ
شۆخان و نازەنینی شاران و دێ و وڵاتان
دیمەن ھەموو بە چاوان ئیسلام و جوو نەسارێ
ئەبرۆ کەمانی وەک ئەو، شیرین زمانی وەک ئەو
غونچە دەھانی وەک ئەو، لەب قەندی قەندەھارێ
قەد عەرعەرێکی وەک ئەو، مەھ پەیکەرێکی وەک ئەو
سیمین بەرێکی وەک ئەو، نەمدی لە ھیچ دیارێ
چاوی کە ھەڵ ئەھێنا، ڕەژراو بە کوحلی سینا
کێوی لە بن دەھێنا، وەک ساعیقەی بەھارێ
شوعلەی جەماڵی وەک ماھ، تلووع ئەکا سەحەرگاھ
سۆفی و مەشایخ و شاھ، بۆی شێت ئەبن بە جارێ
شیرین لەقا و بێ باک، باڵا بوڵند و چالاک
نێچیر ئەکا بە فیتراک، سەد وەک منی ھەژارێ
ئەو نازەنینە شایق ھەر کەس کە بینی جارێ
ناحەقیە گەر بمێنێ ساتێ بەبێ قەرارێ