ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٦٧. وەتەن باوانی باوانم بڵێ پێم بۆ چی شێواوی
وەتەن باوانی باوانم بڵێ پێم بۆ چی شێواوی؟
ھەمیشە تەم لەسەر شان و پەشێو و دۆژ و داماوی؟
لە کام جێ کەمتری تۆ بی و خوا ئەی نووری دوو دیدەم
کە ئەتبینم لەناو ھاوشانی خۆتا پەست و بێ ناوی
بەھەشتی ڕووی زەمینی جێی گوڵ و لالە و ڕیاحینی
مەقامی حۆری عەینی پڕ لە شەھد و شیر و شەکراوی
بە جێگە و دیمەن و دەوڵەت ڕەفیقی شەھریارانی
کە ساحێب گەنجی شاراوە و مەواد و مەعدەنی خاوی
ئەوەی پێویستە بۆ پاسی سنوور و ماڵ و ئەولادت
لەناو گەنجینەتا مەوجوودە ئیتر بۆ چی ترساوی؟
کەژ و کێو و دەر و دۆڵت پڕی نەوت و زەڕ و زیوە
چەچایە ئاسن و پۆڵا و ئاھەک قیری قیرتاوی
وتی تۆ ڕاست ئەکەی من ساحبی گەنجی خوداداوم
بەڵام پیاوی ئەوێ ئەم سەروەتەم بێنێتە بەر چاوی
چ پیاوێ؟ چاو نەترساوێ، دلێرێ، مەستێ بێ باکێ
لەسەر لا مستە خاکێکی، سەری دانێ لە پێناوی
چە پیاوێ؟ فەیلەسووفی بێ، بە بیر و فیکر و تەدبیری
بەباشی قەومەکەی یەک خا، ھەتاکوو دێنە ناو داوی
چ پیاوێ؟ خوێندەوارێ بێ لە ڕووی زانینەوە دائیم
ببێتە ڕابەری کوردان، کوڕ و کچ، ئافرەت و پیاوی
چ پیاوێ؟ قارەمانێ بێ، وەکوو شێری ژیان ھەر دەم
بلەرزێ ناودڵی دوژمن لە ترسی ھەیبەت و ناوی
وتم ئەمڕۆ بەڵێ وایە بەڵام بۆ ئاخری شاھۆ
بە دوژمنیان ئەچێژێنن ھەموو ژەھراوی تاڵاوی

پەراوێز edit