شاعیر: شاھۆ کتێب: دیوانی شاهۆ سەرناو: وەتەن باوانی باوانم بڵێ پێم بۆ چی شێواوی وەتەن باوانی باوانم بڵێ پێم بۆ چی شێواوی؟ ھەمیشە تەم لەسەر شان و پەشێو و دۆژ و داماوی؟ لە کام جێ کەمتری تۆ بی و خوا ئەی نووری دوو دیدەم کە ئەتبینم لەناو ھاوشانی خۆتا پەست و بێ ناوی بەھەشتی ڕووی زەمینی جێی گوڵ و لالە و ڕیاحینی مەقامی حۆری عەینی پڕ لە شەھد و شیر و شەکراوی بە جێگە و دیمەن و دەوڵەت ڕەفیقی شەھریارانی کە ساحێب گەنجی شاراوە و مەواد و مەعدەنی خاوی ئەوەی پێویستە بۆ پاسی سنوور و ماڵ و ئەولادت لەناو گەنجینەتا مەوجوودە ئیتر بۆ چی ترساوی؟ کەژ و کێو و دەر و دۆڵت پڕی نەوت و زەڕ و زیوە چەچایە ئاسن و پۆڵا و ئاھەک قیری قیرتاوی وتی تۆ ڕاست ئەکەی من ساحبی گەنجی خوداداوم بەڵام پیاوی ئەوێ ئەم سەروەتەم بێنێتە بەر چاوی چ پیاوێ؟ چاو نەترساوێ، دلێرێ، مەستێ بێ باکێ لەسەر لا مستە خاکێکی، سەری دانێ لە پێناوی چە پیاوێ؟ فەیلەسووفی بێ، بە بیر و فیکر و تەدبیری بەباشی قەومەکەی یەک خا، ھەتاکوو دێنە ناو داوی چ پیاوێ؟ خوێندەوارێ بێ لە ڕووی زانینەوە دائیم ببێتە ڕابەری کوردان، کوڕ و کچ، ئافرەت و پیاوی چ پیاوێ؟ قارەمانێ بێ، وەکوو شێری ژیان ھەر دەم بلەرزێ ناودڵی دوژمن لە ترسی ھەیبەت و ناوی وتم ئەمڕۆ بەڵێ وایە بەڵام بۆ ئاخری شاھۆ بە دوژمنیان ئەچێژێنن ھەموو ژەھراوی تاڵاوی ++++++++++++++++++++++