ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٦٤. تۆ گوڵی کام باخی جانا غونچەیی کام گوڵبونی
تۆ گوڵی کام باخی جانا؟ غونچەیی کام گوڵبونی؟
سەروی کام جۆباری؟ خولدی خۆشەیی کام خەرمەنی؟
حووری کام قەسری جینانی؟ شۆخی کام جەنناتی عەدن؟
نەوڕەسیدەی کام مەکانی؟ دوڵبەری کام مەسکەنی؟
ئادەمی؟ جینی؟ پەری تۆ؟ یا مەلەک یا حووری عەین؟
وا ئەوندە دڵڕفێن و ناسک و سیمین تەنی
قەوسی دوو ئەبرۆت ھیلالی یەک شەوە، کوڵمت سوھەیل
نووکی موژگانت سەنانی سینەدۆزی بەھمەنی
بۆ چ بە دایم جەنگجۆیە دیدەکەی مەخمووری تۆ؟
عادەتی چاوت وەھایە یا کە خۆت وا پڕ فەنی؟
وام لە بەحری حیرەتا بۆ لەعلی لێوی ئاڵی تۆ
مەخزەنی مەرجانە ئایا یا عەقیقی یەمەنی؟
دورجی ئەڵماسە دەمت یا لوئلوئی ھۆنراویە؟
وابریقەی ئاوی چاو دێنێ کە لێوت پێ کەنی
گۆی زەقەن یا سێوە سوورەی ناسکی بوستانی گیان
تۆپی گوڵ یا غەبغەبە؟ گوڵباخی نازداری منی
دووشەو و دوو سوبحی سادق پێکەوە تەشکیل ئەکەن
ماری دوو زوڵفی کە ئاڵاون لە دەوری گەردنی
نیم نیگای چاوت کە وەختێ دێتە جەولانگاھی ناز
عالەمێ دەکوژێ بە نێشی نووکی سونگی جەرمەنی
چین لە سەر چین، چینی ئەگریجەت لە سەر ڕوخساری تۆ
ماھی تابانی خەجاڵەت کرد بە بشکەن بشکەنی
تیشکی ڕۆژی ڕوومەت و سینەی بلووری سافی تۆ
دای لە ھەر کەس گیانەکەم سووتاندی، ڕۆحی لێ چنی
تۆ لەسەر کام مەزھەب و دینی؟ کە سوێندت پێ بدەم
مووسەوی؟ ئیسلامی؟ شێعەی؟ عیسەوی یا ئەرمەنی؟
تۆ خوا و عیسا و محەممەد! تۆ عەلی و مووسا و حوسێن!
دەردی کاری من دەوا کە! گوڵبدەن ھەر چی ھەنی
تۆ بە یەک عیشوەی نیگاھت خۆ منت دێوانە کرد
پێم بڵێ چیت؟ ساحری؟ جادوگەری؟ یا کاھینی؟
سێوە یا لیمۆیە یا مەم یا ھەناری گوڵ بە دەم؟
وا لەسەر سینەی لەتیفت خڕ بووە بەم ئەحسەنی
شایقت پێکراوی تیری نازی چاوی بازتە
بۆیە وا خوێناوی دڵ دەتکێتە جێی و دامەنی

پەراوێز edit