ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٦٣. ئەی خوسرەوی خوبانی من تۆی درد و ھەم دەرمانمی
ئەی خوسرەوی خووبانی من! تۆی درد و ھەم دەرمانمی
وەی ماھەکەی تابانی من، فێنکی دڵەی بوریانمی
گەر تۆ گوڵی من بوڵبوڵم، بۆ تۆ بریندارە دڵم
سا زوو کە! فورموو! ماتڵم، تۆ مەرھەمی زامانمی
باڵات وەکوو سەروی ڕەوان، بەدرێکە ڕووت پڕتەو فشان
عیشوەت وەکوو حۆری جینان، نازداری ڕۆح و گیانمی
تۆی شۆخەکەی شەککەر لەبم، موو سونبولی سێو غەبغەبم
دوو لێوی تۆ دارووی تەبم، دارووی تەبی ھیجرانمی
قوربانی چاوی بازتم، شەیدای کریشمە و نازتم
دێوانەکەی بێ نازتم، تۆ لەیلەکەی دەورانمی
گوڵ غونچەکەی خۆشڕەنگ و بۆ، تیری خەدەنگی چاوی تۆ
زامی دڵی ھێناومە سۆ، مەشغووڵی تیر بارانمی
سەحرایی سینەم پڕ لە شین، بۆ تۆ ئەناڵێنم حەزین
تۆیش ئەمدەیە بەر قار و قین، تاڵانکەری ئیمانمی
تا کەی لە وادی حیرەتا، بمرم لە داخ و حەسرەتا؟
ڕەحمێ کە سا بێ مروەتا! خۆت دافعی ئیحسانمی
زوڵفت بەسەر شانا بڵاو، چین چین و لوول و گرژ و خاو
ڕۆح و دڵی خستوومە داو، سەییادی بێ ئامانمی
خاڵ و خەت و موژگانی ڕەش، ئەبرۆی کەشیدەی وسمە کەش
بۆ ماھی ڕووت وا بوو بە نەقش، وەک دولبەری کەنعانمی
بەو لەعلی لێوی ئاڵەوە، بەو جووتە لیمۆی کاڵەوە
بەو قامەتی شمشاڵەوە، کەی بێ بڵێم میوانمی
تا کەی بە ناڵە و دەردەوە، وێڵ بم بە کێو و ھەردەوە؟
تۆیش بەو دڵەی وەک بەردەوە، ناپرسی بۆ چ حەیرانمی؟
ھەر کەس کە دەمبینێ بە چاو، جەرگی ئەسووتێ بۆم تەواو
تۆیش بەو دوو دیدەی مەستی خاو، ھەر مایلی فەوتانمی
زامت لە دڵما کاریە، زووخاوی تێدا جاریە
ھەرچی دەکەم بێ عاریە، لافاوی خوێن خنکانمی
تەنووری سینەم پڕ خرۆش، جەستەی وەھا ھێنامە جۆش
وک ئاگرێ بەر بێ لە پووش، سەر تا بە پێ سووتانمی

پەراوێز edit