ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٥٤. ئەی ئەو کەسەی لە نووری خوا خەلقە زاتی تۆ
ئەی ئەو کەسەی لە نووری خوا خەلقە زاتی تۆ
حەیرانە عەقڵی کول لە بوڵندی سماتی تۆ
لاڵە زمان لە بەحس و بەیاناتی گەورەییت
کۆڵە قەڵەم لە وەسفی بوزرگیی سیفاتی تۆ
وێنەت مەحاڵە نەبووە نییە تا ئەبەد
گیانم فیدات بێ فەردی ھەموو کائیناتی تۆ
گوفتار و کردەوەت ھەموو ئیعجازە بۆیە وا
نایێتە بەر ژمارە بە کەس، موعجیزاتی تۆ
تۆ ڕەحمەتێکی مەحزی لەبۆ گشتی عالەمین
یەعنی چرا و ڕەھبەری ڕێگەی نەجاتی تۆ
ئەو ڕۆژە باوک و ڕۆڵە لە یەکتر فیرار ئەکەن
سوڵتانی کول و شافیعی گشت سەییئاتی تۆ
ئەو ڕۆژە خۆتی خاوەنی تۆمار و تاج و تەخت
چونکە ئەمین و مەحرەمی خاسی خوداتی تۆ
چیت ویستووە کراوە چونکە لەلای زاتی زولجەلال
تاقانە خۆشەویستی ھەموو ماسیواتی تۆ
کامت ڕەوایە ھەرچی تەمەنناتە دێتە جێ
ئارێ، کلیلی قاپیی گشت موشکیلاتی تۆ
سەریان سوڕە بە جارێ عوموومی موقەڕڕەبین
لەو ڕوتبەیەی درا شەوی ئەسرا بە زاتی تۆ
لەو ڕۆژەدا کە کەس لە کەسە و کەس بە کەس نییە
سەرسامە جین و ئینس و مەلەک غەیری زاتی تۆ
کابە بە یومنی تۆوە بووە قیبلەگاھی عام
چونکە ئەبوو کە مەککە ببێتە وڵاتی تۆ
پایەت ئەوەندە بەرزە کە خوا و مەلائیکەی
پێشکەش ئەکەن ھەمیشە سڵاویان خەڵاتی تۆ
ئەم کۆیلەیەت کە توولەسەگی ئاستانتە
موحتاجی لوقمەیەکە لە خوانی بەراتی تۆ
ھیوام بە لوتف و مەرحەمەتی زاتی تۆیە من
چونکی پەناھی کۆمەڵی گشت عاسیانی تۆ
ھەرچەند سیایە نامەیی ڕەفتار و کردەوەم
خۆ مولتەجیم بە زاتی عَظيمُ الصِفاتی تۆ
فریام کەوە! بفەرموو بشۆرێ بە ئاوی عەفو
ئەی ئەو کەسەی کە عەینی حەیاتە مەماتی تۆ
چاوی لە ڕەحمی ئێوەیە شاھۆ کە لای خوا
ڕەد ناکرێتەوە تەڵەب و خواھێشاتی تۆ
بۆ پێغەمبەر

پەراوێز edit