ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٥٢. ئاگری بەر دایە عومرم جیلوە و جەولانی تۆ
ئاگری بەر دایە عومرم جیلوە و جەولانی تۆ
ھۆشی لێ سەندم خرنگەی پڵپڵەی فستانی تۆ
پەستی کردم نیو نیگای نازت بە ئەدنا عیشوەیەک
سوستی کردم بەرق و باقی غونچەیی خەندانی تۆ
قیمە بوو جەرگم بە نێشی جووتە شومشێری برۆت
دامیە بەر شەستیری غەمزە ناوکی موژگانی تۆ
دین و ئیمانت لە دەس سەندم بە زۆری نازی چاو
في الحقيقة ڕەھزەن و تاڵانکەری ئیمانی تۆ
قیمەتی ئەڵماس و دوڕ و لەعلی ڕۆمانی نەھێشت
لوئلوئی دوندان و لێوی قورمزی مەرجانی تۆ
تەن شل و مل وەک پەڕەی گوڵباخ و گەردن وەک بلوور
قاقم و لیمۆیە سینە و قوببەیی بوستانی تۆ
ھەر چی فیکری لێ دەکەم وێنەی لە دونیادا نەما
قامەت و ساق و سورینی گومبەدی لەرزانی تۆ
ئادەمی، جیننی، پەریزادی وەیا نەوعی مەلەک
یا لە حۆرانی بەھەشتی و ڕەوزەیی ڕیزوانی تۆ
تۆ گوڵێکی سەد ھەزاران بوڵبوڵت دڵبەستە بوون
پاکی پێ بەندن بە داوی گێسویی پەخشانی تۆ
قەوسی دوو ئەبرۆت ھیلالی جەژنی قوربانن کە وا
عالەمێک وەک قۆچی قوربان بوونەتە قوربانی تۆ
قامەتت تەمسیلی ڕۆژی مەحشەری عالەم ئەکا
بۆیە وا ئەم مەخلۆقە سەف سەف دێنە بەر دیوانی تۆ
لاڵ و پاڵ عاشق وەکوو مردوو لە ڕێتا کەوتوون
تینوون بۆ شەربەتێکی چەشمەیی حەیوانی تۆ
مروەتت بێ! خوویی بێ ڕەحمی لە سەرتا لابەرە!
با بە داخی تۆوە نەمرن جەمعی بیمارانی تۆ
دوڕڕی ناسوفتەی بەنرخم شاھی خووبانی زەمان
حاکمی ئەقلیمی قەڵب و قاڵبی ئینسانی تۆ
وا لە بۆتەی عەشقدا تاوایەوە دڵ بوو بە ئاو
ئەلویدای ئاخریە زاھیر شایقی بوریانی تۆ
١٩٣٧ بەغدا

پەراوێز edit